فوئاد حوسێن و وەزیری نەوتی ئێران، پرسگەلێكیان تاوتوێ كرد

	 فوئاد حوسێن و وەزیری نەوتی ئێران، پرسگەلێكیان تاوتوێ كرد
د. فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی، لەگەڵ وەزیری نەوتی كۆماری ئیسلامی ئێران، تیشكیان خستە سەر پەیوەندی دووقۆڵی نێوان كۆماری عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران بەو ئاڕاستەیەی بەرژەوەندی هەردوو گەلی دۆستی تیادا بەرجەستە ببێت.

ئەمڕۆ د. فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە بێجان زەنگەنە وەزیری نەوتی كۆماری ئیسلامی ئێران و شاندی یاوەری كرد.

لەم دیدارەدا هەردوولا تیشكیان خستە سەر پەیوەندی دووقۆڵی نێوان كۆماری عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران بەو ئاڕاستەیەی بەرژەوەندی هەردوو گەلی دۆستی تیادا بەرجەستە ببێت.

هاوكات دووپاتیان لەسەر هەبوونی باشترین چارەسەر كردەوە بۆ پێدانی شایستە داراییەكانی ئێران لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە لەبری كڕینی غاز و وزەی كارەبا، هەروەها لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی تەكنیكی كردەوە كە لەم بوارەدا تایبەتمەند بێت.

شیاوی باسە لەم دیدارەدا باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و سەرۆكی كۆمپانیای سۆمۆ لە وەزارەتی نەوتی عێراق و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی قەرزی گشتی لە وەزارەتی دارایی و سالم چەلەبی ئامادە بوون.
kdp-
Top