پسپۆڕێكی سیاسی: ئەمەریکا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە هەرێم دەڕوانێ

پسپۆڕێكی سیاسی: ئەمەریکا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە هەرێم دەڕوانێ
پسپۆڕێكی سیاسی دەڵێ، ئەمەریكا وەك هاوبەشێكی ستراتیژی لە هەرێمی كوردستان دەڕوانێ بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی لە ناوچەكە.

پرۆفیسۆر د. خەلیل ئیسماعیل، پسپۆڕی جوگرافیای سیاسی, بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ڕیفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، زۆرێك پێیان وابوو كە هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكانیدا بەرەو دوواوە هەنگاو دەنێت و لاواز دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە دەرچوو. چونكە ژمارەیەکی زۆری سەركردە باڵاكانی جیهان سەردانی هەرێمی كوردستانیان کردەوە و دواهەمینیشیان مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بوو كە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆمەڵێك پرسی گرینگی تاوتوو كرد."

ئەو پسپۆڕەی بواری جوگرافیای سیاسی ڕوونیشی كردەوە: "هەرێمی كوردستان ئیسپاتی وجودی خۆی كردووە لەمەڕ پرسە سیاسییەكانی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە. پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا لە ئایندەدا زیاتر پتەو دەبێت, بەتایبەت دوای بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریاوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەم دوواییەش لە ناوچەی كەیوەنی شاری كەركووك سوپای ئەمەریكا هێزەكانی عێراق و حەشدی ئاگادار كردووەتەوە كە لە ناوچەكە بكشێنەوە. ئەمانەش دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە ناوچەكە لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە لە گۆڕاندایە و، هەرێمی كوردستان بە پێچەوانەوە زۆر لە سەردەمی پێش ڕیفراندۆم بەهێزترە و لە سیاسەتی ئەمەریكادا گرنگییەكی زۆری لە یەكلاییكردنەوەی كێشەكان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەدا هەیە."

د. خەلیل ئیسماعیل ئاماژەیشی دا: "ئەمەریكا وەك هاوبەشێكی ستراتیژی لە هەرێمی كوردستان دەڕوانێت بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی ناوچەكە."

دوێنێ، چوارشەممە، مایك پۆمپیۆ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی و نیچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە.
kdp-
Top