پارتی: ئاڵای کوردستان بەهۆی ئاسۆ مامەند و گرووپە خیانەتکارەکەوە هێنرایە خوارەوە

 پارتی: ئاڵای کوردستان بەهۆی ئاسۆ مامەند و گرووپە خیانەتکارەکەوە هێنرایە خوارەوە
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەلایەن سەرانی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە گرنگی نییە، چونکە بەهۆی ”ئاسۆ مامەند و گرووپە خیانەتکارەکەوە ئاڵای کوردستان هێندراوەتە خوارەوە“.

عەدنان کەرکوکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، ڕايگەیاند: "ھەموو حزبێک و ھەموو هاووڵاتییەکی کەرکووک خوازیاری ئەوەیە ئاڵای کوردستان لەناو شارەکە ھەڵبکرێت و بۆ ھەمیشە ئەو ئاڵایە بە شەکاوەیی بمێنێت، بەڵام ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەلایەن گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەسەر بارەگاکانی خۆیان، کارێکی باش نەبوو، چونکە کاتژمێر ١١ی شەو ئاڵاکەیان ھەڵکردووە“.

ڕوونیشی کردەوە کە ھەرچەندە کەس نازانێت بۆچی بەو نیوە شەوە ئاڵای کوردستانیان ھەڵکردووە و بۆچی بەڕۆژی ڕووناک ئەمەیان نەکردووە؟ بەڵام ”ئەو پاساوانەی ئاسۆ مامەند ھێناویەتیەوە و دەڵێ، ئێمە لەترسا ئاڵای کوردستانمان نەھێناوەتە خوارەوە، بەڵکوو بەھۆی وەفاتی مام جالال دامان گرتووە. لێرە ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، خۆ مام جالال تەنیا لە کەرکووک نەمردبوو، بۆچی لە سلێمانی و ھەولێر و کۆیە ئاڵاکەیان دانەگرت؟“.

ئەو گوتەبێژەی پارتی نەیشاردەوە کە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەناو کەرکووک و دوور لە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ”کارێکی باش نەبوو“، چونکە ”ئەگەر من نەتوانم ئاڵاکە بپارێزم، ھەڵیشی ناکەم".

عەدنان کەرکووکی ئاشکرای کرد کە یەکێک لە ئامانجەکانی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەم کاتەدا لە کەرکووک، هەوڵدانە بۆ داپۆشینی کارەکانی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەلایەن ئاسۆ مامەند. گوتیشی: ”ئەگەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و خاک فرۆشان نەبووایە، هەرگیز ئاڵای کوردستان بەزەلیلی لە کەرکووک ھەڵنەدەکرا، بەڵام ئەو خاکفرۆشانە شکۆی پێشمەرگەیان شکاند و بۆ یەکەمجار لە مێژووی ژیانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، پەیکەری پێشمەرگە کە ھەمیشە سیمبولی بەرخودان و داکۆکیکاری بووە لە مافی خەڵکی کوردستان، بشێوێنرێت و ئەو گرووپە کارێکیان کرد، سوپای عێراق ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە لابەرێت و ئاڵای عێراق دابنێت، بۆیە ھەق نییە ھەروا بەئاسانی ئەو تاوانە بەسەر گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر تێپەڕێت".

لە کۆتاییشدا گوتەبێژەکەی پارتی دووپاتی کردەوە: ”ئەگەر ئاسۆ مامەند و گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕاستیان دەکرد، با وەکوو حزبی شیوعی لەڕۆژی ئاڵای کوردستاندا لە کەرکووک ئاڵایان بەرز بکردایەتەوە، نەوەکوو لە نیوەشەودا ئاڵای کوردستان بەرز بکەنەوە و دواتر لەژیر فشاردا ئاڵاکە دابگرن".










باسنيوز
Top