پۆلیس وەڵامی پرسیاری (سێوان قادر خۆی سوتاندووە یان سووتێندراوە؟) دەداتەوە

 پۆلیس وەڵامی پرسیاری (سێوان قادر خۆی سوتاندووە یان سووتێندراوە؟) دەداتەوە
گوتەبێژی پۆلیسی چەمچەماڵ وەڵامی پرسیارە بەربڵاوەکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەداتەوە کە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن ئاخۆ سێوان قادر خۆی، خۆی و منداڵەکانی سووتاندووە یانیش ھاوسەرەکەی سووتاندوونی.

نەقیب جەلال محەمەد، گوتەبێژی پۆلیسی چەمچەماڵ ڕايگەیاند: "دۆسیەی سێوان قادر و منداڵەکانی لە دادگادا وەکوو خۆی ماوەتەوە و لێکۆڵینەوەی جددی لەسەر ڕووداوەکە دەکرێت، بەڵام تا ئێستا لێکۆڵینەوەکانی دادگا ڕاستی و دروستیی ڕووداوەکەی ئاشکرا نەکردووە، بێگومان دوای یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە، ئەو کاتە دادگابڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر کەیسەکە دەدات".

ڕوونیشی کردەوە: "ماڵەکەی سێوان قادر بە جۆرێک سووتاوە، ئێمە وەک پۆلیس جارێ نازانین ئایا سێوان خۆی کێلۆنی دەرگاکەی داخستووە، یان دەرگاکەی لەسەر داخراوە، بەڵام دۆسەیەکە لە دادگایە و ھیچ شتێکی لێ کەم و زیاد نەکراوە و بەشێوەیەکی باش دادگا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەکات".

گوتەبێژی پۆلیسی چەمچەماڵ دەشڵێت: "دۆسەیەکەی سێوان قادر دۆسیەکی قورس و دوو لایەنەیە و بە ھۆکاری ئەوەی ئەو کەسە خۆی لە ژیاندا نەماوە، لێپرسینەوەی یاسایی لە دژی ڕادەوەستێت، بەڵام لێپرسینەوەی یاسایی لە دژی ھاوسەرەکەی دەکرێت، تا ئەو ئاڕاستەیەی ئاشکرا دەبێت ئایا ھاوسەرەکەی دەستی لەو ڕووداوەدا ھەبووە، یان بەپێچەوانەوە".

نەقیب جەلال محەمەد ئاماژەی بەوەش دا: "ھاوسەرەکەی سێوان قادر دانی بەھیچ شتێکدا نەناوە و نکۆڵی لە ڕووداوەکە دەکات، بەڵام زۆر جار کەسێکی تۆمەتبار کە دەستگیر دەکرێت، بێ ئەوەی دان بە تاوانەکەیدا بنێت، تۆمەتێک ھەیە لەسەر کەسێک دەسەلمێت، بۆیە ئێستا ناتوانین بڵێین ھاوسەرەکەی سێوان تۆمەتبارە، یان سێوان خۆی دەستی لە ڕووداوەکەدا ھەبووە، بەڵام ھاوسەرەکەی سێوان قادر تۆمەتبارە و تا ئێستاش بێتاوان دەرنەچووە".

باسی لەوەش کرد: "دۆسیەی سێوان قاد، کاتێکی زۆری دەوێت، بۆیە داواکارین لە چالاکوانانی ژنان و ھاووڵاتییان ھیچ شیکاریبەک بۆ ڕووداوەکە نەکەن و ھیچ کەسێک تۆمەتبار نەکەن، چونکە لێکۆڵینەوەی یاسایی لە تاوانی کوشتن شەش مانگ بۆ ساڵێکی پێ دەچێت، بۆیە ناکرێ پێش بڕیاری دادگا بکەوین، چونکە ڕەنگە ھاوسەرەکەی دەستی لە تاوانەکەدا ھەبێت و دەکرێت ھاوسەرەکەی دەستی لە تاوانەکەدا نەبێت، ڕەنگە ئەو کاتە بێتاوان دەرچێت، بۆیە ناکرێت خەڵکی لەخۆیەوە سێوان قادر، یان ھاوسەرەکەی تۆمەتبار بکەن".

کاتژمێر 8 و 30 خولەکی شەوی 16/12/2018، لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا سێ منداڵ گیانیان لەدەست دا و دایکەکەشیان بریندار بوو، بەڵام بەھۆی زۆریی ڕێژەی سووتانەکەیەوە، ڕۆژی دووشەممە 23/12/2018 گیانی لەدەست دا.











باسنيوز
Top