شاندێکی رۆژئاوای کوردستان داواکارییەک ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات

 شاندێکی رۆژئاوای کوردستان داواکارییەک ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات
شاندێکی رۆژئاوای کوردستان، کە بە سەردانێک گەیشتووەتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، داواکارییەک ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات.

بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-1-2019، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کردووە.

لە کۆبوونەوەیەکدا، وێڕای تاوتوێکردنی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان، شاندەکەی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە باسی بارودۆخی کورد لە سووریا و نیگەرانییەکانیان لەبارەی ئایندەی کورد لەو وڵاتە، بۆ سەرۆک بارزانی کردووە.

شاندەکەی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە سوپاسی ”پشتیوانیی و خەمخۆریی“ سەرۆک بارزانییان بۆ گەلی کورد لە سووریا کردووە و داوایان لێ کردووە ”دەنگ و مەزلوومیەتی گەلی كورد بە ناوەندە دیپلۆماسی و دەولییەكان بگەیێنێت“.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاووە، سەرۆک بارزانی رێنمایی و ئامۆژگاریی پێویستی بۆ شاندەکە لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکان و پاراستنی گەلی کورد لە سووریا خستووەتە روو.












باسنيوز
Top