تاڤگە عومەر: ڕاپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەشێكیان میزاجی كەسیی تێدایە
چەند رێكخراوێكی نێودەوڵەتی، راپۆرتێكیان بڵاو كردووەتەوە كە گوایە لە زیندانەكانی كوردستاندا ئەشكەنجەی ئەو منداڵانە دەدرێت كە لەگەڵ داعش تێوە گلاون.
تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ لە دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "چەند جارێك لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كۆبوونەوەمان كردووە، پێیمان گوتوون لە پێناوی راستی و دروستیی راپۆرتەكانتان، ئێمە ئامادەین هاوكاریی تەواوتان بكەین و خەڵكی خۆمان بنێرین لەگەڵتان و سەرجەم ئەو شتانەی ئێوە دەتانەوێت كارئاسانیتان بۆ بكەین، بەڵام بەداخەوە راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پشتی بە زانیاریی كەسی بەستووە و دەبینێت چاوپێكەوتنێك لەگەڵ زیندانییەك دەكەن، قسەی كەسێك دەكەنە سەرچاوەی راپۆرتەكانیان، بەشێكیشیان میزاجی كەسیی تێدایە، چونكە رێكخراوی وا هەیە بۆ ئەوەی بڵێن چالاكیی هەیە و لە ئاستی جیهاندا كار دەكات، دێت راپۆرت بڵاو دەكاتەوە بەبێ ئەوەی رەهەندی دیكە وەربگرێت".
عومەر گوتیشی: "لە سەرەتای هاتنی داعشەوە، لە كۆی 200 منداڵ كە بە گومانی تێوەگلان لەگەڵ داعشەوە لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیر كراون، دوای پرۆسەی دادگاییان، 30 منداڵ ماونەتەوە و پرۆسەی دادگایی بەردەوامی هەیە، بەشێك لەو منداڵانە لەلایەن هۆزە عەشایەرەكانەوە بە توندی ئەشكەنجە دراون و شوێنی ئەشكەنجە بە جەستەیانەوە دیارە، بۆیە كاتێك هێنراون بۆ كوردستان لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە، وا تۆمار كراوە كە گوایە لە كوردستان ئەشكەنجە دراون، دوای ئەو راپۆرتانەیش ئێمە سەردانی ئەو منداڵانەمان كردووە و ئەوان گوتیان بە هیچ شێوەیەك توندوتیژیمان لەگەڵ نەكراوە، بەڵكوو نامانەوێت لە زیندانەكانی كوردستانەوە بگوازرێینەوە بۆ زیندانەكانی مووسڵ و بەغدا"
kdp-
