خۆشناو، ئومێدی بە هاووڵاتیانی كوردستان دا، كاراكتەری جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی پارتی دەبین

 خۆشناو، ئومێدی بە هاووڵاتیانی كوردستان دا، كاراكتەری جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی پارتی دەبین
وێڕای یەكلانەبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی و لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان، ئەندامێكی فڕاكسیۆنی پارتی دەڵێ، بەپێی ئەو دەستەڵاتانەی هەیانە، لە كار و چالاكیدا بەردەوامن، هاوكات كاراكتەری جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی پارتی دەبن لە پێناو خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیاندا.

ئومێد خۆشناو، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایدەگەیەنێت، لەم قۆناغەدا وەك فڕاكسیۆنی زەرد، لە هۆڵی پەرلەمان و هۆڵی فڕاكسیۆن هەمیشە ئامادەییان هەیە، هەر كارێكیش پێویستی بە بەدواداچوون هەبێت، بەپێی یاسا ئەوان كاری لەسەر دەكەن.

خۆشناو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە رۆژانە رێكخراوەكان سەردانی فڕاكسیۆنەكەیان دەكەن و یاداشتی خۆیان لەسەر كێشەكانیان دەدەن و ئەوانیش بەپێی ئەو دەستەڵاتانەی لە چوارچێوەی كاری پەرلەمانتاریدا هەیانە لەسەر پرسەكان، چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ دەكەن.

ئەوەی لە ئێستادا پەرلەمانتاران ناتوانن ئەنجامی بدەن، تا دەستەی سەرۆكایەتی هەڵنەبژێردرێت، وەك ئەو پەرلەمانتارە تیشكی خستە سەر، دانیشتنی پەرلەمان ناكرێت، هەتا لیژنەكان دیاری بكرێن و دەنگیان لەسەر بدرێت، وەك خۆی باسی كرد، ئەوان وەك فڕاكسیۆنی پارتی و ئەندامەكانیان بەپێی ئەو پسپۆڕییەی لە بوارە جیاجیاكاندا هەیانە، هەنگاوی كردارییان ناوە، كە دوای ئەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری كرا، ئەو ئەندامانەیان بۆ لیژنەكان دیاری كردووە.

بەڵێنەكانی پارتی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان

پارتی دیموكراتی كوردستان، بە درووشمی "كوردستانێكی بەهێز" بەشداری لە هەڵبژاردندا كرد، بەڵێنی خۆشگوزەرانییشی بە هاووڵاتیان دا، هاوكات سەرۆك بارزانی لەو كاتەدا رایگەیاند: "بەڵێنێك نادەین پێمان جێبەجێ نەكرێت". ئومێد خۆشناو جەخت دەكاتەوە، كە پارتی خاوەنی بەڵێن و بڕیار و جێبەجێكردنە، دڵنیاییش دەداتە هاووڵاتیانی هەرێم و دەنگدەرانی پارتی، ئەو بانگەشانەی لە سەردەمی هەڵبژاردن و لە چوارچێوەی كارنامەی پارتیدا هەبوون، وەك گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی لە نێوان خۆیان و هاووڵاتیان ئەژمار دەكرێت، بۆیە فڕاكسیۆنەكەیان كار بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانیان دەكەن.

ناوبراو روونیشی دەكاتەوە، بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی پارتی، ئەوان لە ناو فڕاكسیۆنەكەیاندا بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی تایبەت دروست دەكەن، لە ماوەی ئەم خولەشدا بە راستگۆیانە و لە كۆتایی خولەكەیشدا بۆ هاووڵاتیان دەردەكەوێت، كە توانیویانە لە چوارچێوەی كارنامەی پارتیدا چی پێشكەش بكەن، هەربۆیەشە ئومێد، ئومێدی بە هاووڵاتیانی كوردستان دا، ئەوان لە ئاست بەڵێنی حیزبەكەیاندا، بۆ ئایندە كاراكتەری جێبەجێكار دەبن لە پێناو خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیاندا.

رێككەوتی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا، لە رۆژی ٣٠ی ١٠ی ٢٠١٨ـیش ئەنجامەكان لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە پەسەند كران، هاوكات لە ٦ی١١ـدا ئەندامانی خولی نوێ، سوێندی یاساییان خوارد، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە كۆی ١١١ كورسیی پەرلەمان، توانی ٤٥ كورسی بەدەست بێنێت و ببێتە هێزی یەكەمی سەر گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم، ئێستایش لەگەڵ چەند لایەنێكدا بە مەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێ، لە گفتوگۆدایە.
kdp-
Top