سلێمانی.. هاووڵاتیان بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی بۆ تەواوكردنی شەقامی 100 مەتری، دڵخۆشن

 سلێمانی.. هاووڵاتیان بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی بۆ تەواوكردنی شەقامی 100 مەتری، دڵخۆشن
تەرخانكردنی تێچووی تەواوكردنی پڕۆژەی شەقامی سەدمەتریی سلێمانی، جێی خۆشحاڵیی سەرجەم چین و توێژەكانی شارەكەیە و بە چاوی ڕێزیشەوە دەڕواننە هەوڵەكەی نێچیرڤان بارزانی.

رێككەوتی ٦ی ١١ی ٢٠١٣، عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێم، بەردی بناغەی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی شاری سلێمانی دانا، كە پێك هاتووە لە رێگەیەكی دووسایدی خێرا و بە درێژایی ١٤٦ كیلۆمەتر بە چواردەوری شاری سلێمانیدا دەسووڕێتەوە، ماوەی پێنج ساڵیشە ئەو پڕۆژەیە راگیراوە، بەڵام ٧ی ئەم مانگە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری تەرخانكردنی گوژمەی تێچووی پڕۆژەكەی دا، كە بریتییە لە ٤٦٩ ملیار دینار، وەك سەرەتایش بڕی ٩٠ ملیار دیناری بۆ دابین كراوە.

"ئەگەر ئەو شەقامە تەواو بێت، ئەو جەنجاڵییەی ئێستا لەسەر شەقامی شەست مەتریدا هەیە، نامێنێت و هاتوچۆی هاووڵاتیان ئاسان دەبێت"، ئەمە قسەی ئالان عەلی، دانیشتووی شاری سلێمانییە، ئەو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا و وێڕای سوپاسكردنی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، گوتی: "ئەو بڕیارەی كاك نێچیرڤان بارزانی، دڵخۆشی كردین، بەو پێیەی نەك تەنیا دەبێتە هۆی ئاسانكردنی هاتوچۆ، بەڵكوو هەلی كاریش بۆ چەندین كەس دەڕەخسێنێت".

ئاری جەمال، گەنجێكی دانیشتووی سلێمانییە و وەك خۆی ئاماژەی دا، ھەموو ھاووڵاتیانی شارەكە دڵخۆشن بەو بڕیارەی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بە بڕوای ئەو، كەس نییە بە تەواوكردنی شەقامی ١٠٠ مەتری دڵخۆش نەبێت، بەو پێیەی لە ٢٠١٣ـوە ئیدارەی ئەو شارە بەردی بناغەی شەقامەكەی داناوە و كاری تێدا نەكراوە.

"بۆیە دڵخۆشین، ئەندازیاری ئاوەدانی ئەم بڕیارەی دەركردووە و خزمەتی ئەم شارەی كرد، ‌دڵنییاین لە كابینەی نوێی حكوومەتیشدا پڕۆ‌ژەی باشتر لەم شارەدا جێبەجێ دەكرێن". ئاری وای گوت.
kdp-
Top