لە ھەولێر بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆ سێ کەس گیانیان لەدەست دا

لە ھەولێر بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆ سێ کەس گیانیان لەدەست دا
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر ڕای دەگەیەنێت، کە لە ھەولێر بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆ، سێ کەس گیانیان لەدەست داوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 9/1/2019، موقەدەم فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر لە ھەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ڕای گەیاند: "کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، لەسەر ڕێگای بێستانە - قوشتەپە و لەنزیک گوندی کەرزۆر، ئۆتۆمبێلێکی پیکابی دەبڵ بەھۆی تیژڕۆیی و تەڕبوونی رَێگایەکان بە بارانەوە، کۆنترۆڵی لەدەست دا لە ڕێگادا دەرچوو و کەوتە ناو ھەڵدێرێک".

باسی لەوەش کردووە: "لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا سێ سەرنشین گیانیان لەدەست دا و شۆفێرەکەش زامدار بوو، زیانێکی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوت".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر داوا لە شۆفێران دەکات: " لەکاتی تەڕبوونی شەقامەکان بە بارانەوە، بە خێراییەکی کەم ئۆتۆمبێل لێبخوڕن، بۆ ئەوەی تووشی لەدەستدانی کۆنترۆڵ نەبنەوە".










باسنيوز
Top