ئاسۆ کەریم: ئەوەی ئاسایشی یەکێتی دەیکات زیان بە ناوبانگی سلێمانی دەگەیەنێت

 ئاسۆ کەریم: ئەوەی ئاسایشی یەکێتی دەیکات زیان بە ناوبانگی سلێمانی دەگەیەنێت
نووسەرێکی دیاری کوردستان ڕای دەگەیەنێت، سلێمانی لەبەر ئەوەی چالاکیی ڕۆشنبیری و کولتووریی زۆری تێدا ئەنجام دراوە، وەک ڕێزگرتنێک بەپێی یاسا نازناوی شاری ڕۆشنبیریی پێ دراوە، ئێستاش ئەو کارانەی کە دەکرێت، ”زیان بە ناوبانگی سلێمانی دەگەیەنێت“.

دوای ئەوەی لەلایەن یەکێتییەوە لە زۆنی سەوز ھەڵمەتێکی بەرفراوان، بۆ داخستن و قەدەغەکردنی بنکە و بارەگاکانی ھێز و لایەنەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستی پێ کرد، لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژی سێشەممە ٨\١\٢٠١٩ لەلایەن ھێزەکانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانییەوە ھۆڵی سینەما سالم داخرا، ئەویش بەھۆی ئەوەی کە فیلمێک لەسەر ژیانی "سەکینە جان سز" کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە فەرەنسا تیرۆر کرا، نمایش کرا. ھاوکات ئەمڕۆ ئاسایشی یەکێتی هەڵیکوتایە سەر ناوەندی غەزلنووس لە شاری سلێمانی و ئەو ناوەندەشی داخست کە یەکێکە لە کتێخانە و ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە شاری سلێمانی.

ئاسۆ کەریم، یەکێک لە نووسەرە دیارەکانی کوردستان ڕايگەیاند: "من دەزانم ھیچ شتێک لە سلێمانی بەبێ یەکێتی ناکرێت، ھەروەک چۆن لە ھەولێریش بەبێ پارتی ناکرێت، بۆیە لە سلێمانی یان ھەر شوێنێکی دیکە، کتێب بسووتێنرێت یان قەدەغە بکرێت، یان ڕێگری لە چالاکییەکی کولتووری و ڕۆشنبیری لەلایەن حزبێکی سیاسییەوە بکرێت، ئەوا پێچەوانەی یاسایە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤە و ڕێگەگرتنە لە ئازادیی ڕادەربڕین و چاپەمەنیش“.

ئەو نووسەرە کوردە ڕوونی کردەوە: "شاری سلێمانی بەھۆی ئەوەی کە چالاکیی ھونەری و ڕۆشنبیری و کولتووریی زۆری تێدا ئەنجام دراوە، وەک ڕێزلێنانێک بەپێی یاسا نازناوی شاری ڕۆشنبیریی پێ بەخشراوە، بۆیە ھەر کارێک پێچەوانەی ئەوە بێت، ئەوا دەبێتە ھۆی کاڵبوونەوە و زیان بە نازناوی سلێمانی دەگەیەنێت".

بە پێویستیشی زانی، لایەنە سیاسییەکان و دامودەزگاکانی ئاسایش خۆیان لەم جۆرە کارانە لابدەن، چونکە ”پێش ھەموو شتێک زیان بە نازناوی سلێمانی دەگەیەنێت".

داخستنی بارەگاکانی پەکەکە و ڕێگەگرتن لە چالاکییەکانی گرووپەکانی سەر بە پەکەکە، بەشێکە لە ڕێککەوتنێکی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆماری تورکیا لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).











باسنيوز
Top