بزووتنەوە: یەکێتی دەزانێ ئەنجامی سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا دەردەکەوێ بۆیە ئاڵای هەڵکرد
پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو، مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەشێک لە بەرپرسانی، لەنێو گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوون و پێشتر شارەکەیان ڕادەستی میلیشیا و هێزەکانی عێراق کردووە، ئاڵای کوردستانیان لە نیوەشەودا لەسەر بارەگاکانیان هەڵکرد.
لەمبارەیەوە حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ڕاگەیاند، دەبووایە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بە ڕێککەوتنی هەموو حزبە کوردستانییەکان ببووایە، بۆ ئەوەی زیاتر بکرێتە بابەتێکی نیشتمانی نەک بۆ بانگەشەی حزبێک بەکار بهێندرێت. جەختیشی کردەوە کە دەکرا لە ڕۆژی ئاڵا یان لە نەورۆز یان لە یادی ئازادکردنی کەرکووکدا ئاڵای کوردستان بە فەرمی هەڵبکرێت.
شێخانی نەیشاردەوە کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بابەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان وەک دەستکەوتێکی حزبی تەماشا بکرێت. گوتیشی: ”چەند ڕێککەوتنێک لەگەڵ عێراق کراوە و سەردانەکەی بەڕێز مەسعود بارزانی بۆ بەغدا لەوانەیە بەرهەمی هەبێت و بەم نزیکانە بەرهەمەکانی دەربکەوێت، لەوانەیە یەکێک لە ئەنجامەکانی سەردانەکە، هەڵکردنی ئاڵا بێت لە کەرکووک، بۆیە یەکێتی دەستی خۆی پێشخستووە و دەیەوێت بڵێت دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر من ئاڵام بەرز کردۆتەوە“.
بە بڕوای ئەو سەرکردەی لایەنە سیاسییە کوردستانییە لە کەرکووک، کەرکووک لە نێو ململانێیەکی توندی نێوان پارتی و یەکێتی دایە و ئەمەشی بە ئاماژەیەکی خراپ لە قەڵەم دا.
لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە: ”ئاماژەکان وادەردەخەن کە سەردانەکەی بەڕێز بارزانی بۆ بەغدا ئەنجامی باشی هەبووە، دیارە یەکێتیش زانیاری هەبووە، بۆیە ئەم کارەی کردووە“.
باسنيوز
