مەحمود عەباس ژمارەیەک رێکاری توند دژی حەماس دەگرێتە بەر
بەپێی راپۆرتێکی (شەرقولئەوسەت)، مەحمود عەباسی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی ناوەڕۆکی رێکارەکانی دژی حەماس بە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر گەیاندووە.
مەحمود عەباس هەوڵ دەدات بە سەپاندنی ئەو رێکارانە، گوشار بخاتە سەر حەماس بە مەبەستی رادەستکردنەوەی کەرتی غەززە بە دەسەلاتەکەی.
هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، یەکێک لەو رێکارانە، کشاندنەوەی فەرمانبەرەکانی دەسەڵاتی فەلەستینە لە دەروازەی رەفەح لەنێوان کەرتی غەززە و میسر، کە بە کشاندنەوەی ئەو فەرمانبەرانە، حکوومەتی میسر بەهۆی ئەوەی مامەڵە لەگەڵ حەماس ناکات، دەروازەکە دادەخات.
بە داخستنی دەروازەی رەفەح، گوشارێکی زۆر دەخرێتە سەر حەماس، چونکە رەفەح تاکە دەروازەی غەززەیە بەڕووی دەرەوە، ئیسرائیل و دەسەڵاتی فەلەستینی دەستیان بەسەر هەموو دەروازەکانی دیکەدا گرتووە.
حەماس حزبێکی ئیسلامیی توندڕەوی فەلەستینییە و لە لیستی تیرۆری ئەمریکا دایە.
باسنیوز
