محەممەد كەمال: كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نایاساییە و سەریش ناگرێت
حەفتەی رابردوو، لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ٢١ ئەندامی ئەنجوومەن ئیمزایان كرد بۆ ئەوەی كەسێكی دیكە لە شوێنی رێبوار تاڵەبانی بكرێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە، بەڵام وەك محەممەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاماژەی بۆ كرد، ئەو ئیمزایانەی كراون، نیوەیان لە شوێنی ئەندامانی ئەنجوومەن كراون، ئەمەیش قبووڵ نییە كەسێك لە شوێنی كەسی دیكە بڕیار بدات و ئیمزا بكات، بەشێكی ئەندامانی ئەنجوومەنیش ھەر نەچوونەتە كۆبوونەوەكە.
سەرۆكی لیستی برایەتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: "دوای ئەوەیش كە رێككەوتن كراوە بۆ ئەوەی متمانە لە رێبوار تاڵەبانی وەربگرنەوە، یەكێك لە ئەندامانی عەرەب بە ناوی (بورھان عانی) پەشیمان بووەتەوە لە ئیمزاكەی و خەڵكێكیش ناچێت بۆ كۆبوونەوەكە".
بڕیارە سبەینێ سێشەممە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆ ببێتەوە و تەوەری كۆبوونەوەكەیش وەرگرتنەوەی متمانەیە لە سەرۆكی ئەنجوومەن، محەممەد كەمال روونی كردەوە: "كۆبوونەوەی سبەی سەرناگرێت و رێژەی یاسایی ئەندامان ئامادە نابن، چونكە كۆبوونەوەكە یاسایی نییە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەوان دەستەڵاتی دانانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنیان ھەیە، بۆچی سەرۆكی ئەنجوومەن ھەڵنابژێرن و دەستەڵاتی پێ بدەن؟".
kdp-
