هاووڵاتیان داواكارن لایه‌نه‌كان پەلە لە پێكهێنانی حكوومەتدا بكەن

	 هاووڵاتیان داواكارن لایه‌نه‌كان پەلە لە پێكهێنانی حكوومەتدا بكەن
شاندی پارتی بۆ گەڕی سێیەمی دانوستانەكان ئەمڕۆ دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ یەكێتیدا كۆ دەبێتەوە، وەك هاووڵاتیانیش دەڵێن، لە دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت نیگەرانن و، داوا دەكەن لایەنەكان دۆسیەكان تێكەڵ بە یەكدی نەكەن و پەلە لە پێكهێنانی حكوومەتدا بكەن.

پارتی بە درووشمی "كوردستانێكی بەهێز" بەشداری لە هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەماندا كرد و وەك هێزی یەكەم بە جیاوازییەكی زۆر لە پێش حزبەكانی دیكەوەیە، مەسروور بارزانی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

پێوه‌ست به‌و پرسه‌ش غەفوور ڕەشید، مامۆستا لە مێرگەسۆر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ:" پێویستە لایەنەكان پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكوومەت، دەبێت دابەشكردنی پۆستەكانیش بەپێی كورسییەكان بێت، ئەو لایەنانەی بەشداریی حكوومەت دەكەن پابەندی ڕێككەوتنەكان بن، نەك لەناو حكوومەت بن و خۆیشیان بە خاوەنی حكوومەتەكە نەزانن".

هاوكات سالار سەفین، فەرمانبەری كەرتی تایبەت لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕوونی كردەوە: "سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا تێدەپەڕێت و لایەنەكان نەگەییشتوونەتە ڕێككەوتن، دەبێت هەرچی زووترە بگەنە ڕێككەوتن و دۆسیەكانی كەركووك و بەغدایش تێكەڵ بە كابینەی نۆیەم نەكرێن، چونكە ئەوانە هۆكارن كە پێكهێنانی حكوومەت دوا بكەوێت".

سەفین دەشڵێ: "پێموایە كابینەی نۆیەم جیاواز دەبێت لە كابینەكانی دیكە و، بارودۆخی ئابووریی هەرێم باشتر دەبێت و ژیان و گوزەرانی خەڵكیش خۆشتر دەبێت".

هۆزان عیسا، چالاكوانی بواری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر دروستكردنی كابینەی نۆیەم، هاووڵاتیانی دوودڵ كردووە، چونكە ئەوان چاوەڕوانی پێكهێنانی حكوومەت دەكەن، بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانیان خۆشتر بكرێت، چونكە ئەگەر لایەنەكان ڕێك بكەون، ژیانی خەڵك باشتر دەبێت و كار پەیدا دەبێت و جووڵە دەكەوێتە بازاڕەوە".

میرخان شوكری، قوتابیی زانكۆش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی دا: "داوا دەكەم هەرچی زووترە حكوومەت پێك بێت، هەروەها پێكهێنانی حكوومەت بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بێت، چونكە خەڵك بۆ ئەوە دەنگی داوە تا قەبارە و سەنگی لایەنەكان دەربكەوێت، ئێستا كە خەڵك دەنگی بە پارتی داوە، بۆ ئەوە بووە كە پارتی لە رابردوودا خزمەتی خەڵكی كوردستانی كردووە و بەرگرییشی لە كوردستان كردووە، ئێستایش دەیەوێت پارتی ئەو بەڵێنانەی كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بە خەڵكی داوە، جێبەجێیان بكات، بۆ ئەوەی كوردستانێكی بەهێزمان هەبێت، بۆیە داوا لە پارتی دەكەین ئەگەر لایەنەكانی دیكە نەیەنە پێشەوە، چیدیكە چاوەڕێ نەكات و حكوومەت پێك بهێنێت، بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵك خۆش بێت".
kdp-
Top