عەبدولسەلام بەرواری: پارتی بۆ بەرژەوەندیی گشتی لە مافی خۆی خۆش بووە

عەبدولسەلام بەرواری: پارتی بۆ بەرژەوەندیی گشتی لە مافی خۆی خۆش بووە
نزیكەی سەد ڕۆژ بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕیوە و ھێشتا لایەنەكان نەگەییشتوونەتە ڕێككەوتن بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان. شرۆڤەكارێكی سیاسییش دەڵێ، پارتی لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، هەموو كات لە مافەكانی خۆی خۆش بووە.

عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەكاری سیاسی باوەڕی وایە، گوشاری لایەنەكان بۆ سەر پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا بۆ ئەوەیە لە كابینەی داھاتوودا زۆرترین پلە و پۆست بەدەست بێنن، پارتییش ھەمیشە بۆ بەرژەوەندیی گشتی، زۆر جار ئامادە بووە لە پشكی خۆی ببەخشێت لە پێناو خزمەتكردنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان و بەرژەوەندیی گشتیدا.

ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئەگەر یەكێتی وەك ئێستا باسی لێوە دەكات بیەوێت بگاتە ڕێككەتنێك لەگەڵ پارتی، دەبووایە پێش بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ھەردوولا پەیمانێك ببەستن، بەڵام كە ئێستا زیاتر لە سێ مانگە ھەڵبژاردن كراوە، پێویستە بابەتەكە تەنیا ڕێككەوتن بێت لەسەر پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، نەك تێكەڵكردنی مەلەفەكان، چونكە بەستنەوەی چەند كێشەیەك، یان چەند پرسێك لە ڕووی لۆژیكی سیاسییەوە، پرسە بچووكەكانیش گەورە دەكات".

بەرواری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ڕاستە پێكھێنانی حكوومەتی نوێ دوا كەوت، بەڵام ھەر لایەنە و دەیەوێ سەقفی داواكاریی خۆی زیاتر لە قەبارەی خۆی بەرز بكاتەوە، ئەو ھەموو گوشارەیش تەنیا لە پێناو بەدەستھێنانی زۆرترین پلە و پۆستە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا و پێشتریش پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گەییشتن بە ڕێككەوتن و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی، ئامادەیە لە مافەكانی خۆش خۆش بێت، تەنانەت زۆر جار ڕەخنە لە لایەن ئەندام و كادیرانی پارتییەوە دەگیرێت بەوەی كە پارتی زۆر لە مافی خۆی دەبەخشێت."
kdp-
Top