شێخ جەعفەر: چاوەڕێ دەکەین کاک مەسعود گرێ کوێرەکانی نێوان هەردوو حزب بکاتەوە“
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگە کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە، ئاشکرای کرد، سبەی پارتی و یەکێتی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە و پێویستە لەمەودوا هەردوو حزب زیاتر کار بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک بکەین.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”جەنابی کاک مەسعود ئەو سەرکردەیە دەبێت کە خەڵک چاوەڕێی دەکات، هەر گرێ کوێرەیەک لە نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسی هەیە، بیانکاتەوە و دەسەڵاتیان پێ بدات. ئێمە دەمانەوێت لە هەموو شوێن و جێگەیەک، لە بەغدا و کەرکووک و هەولێر، یەکدەنگ و یەکڕەنگ و یەک بەرنامەمان هەبێت“.
شێخ جەعفەر لە میانی گەشتێکی هەواڵەکانی راستەوخۆی کەناڵی (کوردستان ٢٤) ئاماژەشی بەوە کرد کە دەیانەوێت لەگەڵ پارتی بە بەرنامەیەکی تۆکمە و هاوپەیمانێتییەکی تازەی جددی و هەست بە بەرپرسیارێتیکردنەوە، بچنە نێو هەموو دۆخەکانەوە.
هەر دوێنێ شێخ جەعفەر مستەفا، ڕاگەیاندبوو کە ئەوانەی باسی دوو ئیدارەیی دەکەن، ”شەکریان خواردووە“ و تەنیا خەڵکی کوردستان لە دوو ئیدارەیی زەرەر دەکات.
باسنيوز
