بوومەلەرزەکەی کرماشان زیاتر لە 40 برینداری لێ کەوتووەتەوە
بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران، سەنتەری بوومەلەرزەکە لە 23 کیلۆمەتریی گێڵانیڕۆژئاوا، 31 کیلۆمەتریی "سۆمار" و 38 کیلۆمەتریی سەرپێڵزەهاو و لە 10 کیلۆمەتریی قووڵایی زەوی ڕووی داوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن بوومەلەرزەکە لە زۆرێک لە شارەکانی دیکەی کرماشانیش هەست پێکراوە و هاوکات لە باشووری کوردستانیش لە خانەقین ە مەندەلی و ناوچەی گەرمیان و کەرکووک و پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانیش هەستی پێکراوە.
ماڵپەڕی میهر لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو 42 کەسەی کر بریندار بوون، لە کاتی هەڵاتن و ترس و دڵەڕاوكێدا بەهۆی بەربوونەوە بریندار بوون و هەتا ئێستا لەبارەی زیانە مادییەکان هیچ زانیاری و ئامارێک بڵاو نەکراوەتەوە.
هاتنی ئەم بوومەلەرزە بەهێزە لە کرماشان و دەوروبەری لە کاتێکدایە کە پاییزی ساڵی پێشوو بوومەلەرزەیەکی بەهێز سەرپێڵزەهاو و شارەکانی ئەزگلە، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، شائاباد و گوندەکانی دەوروبەری هەژاند و تێیدا وێڕای گیان لەدەستدانی زیاتر لە 600 هاووڵاتیی کورد و برینداربوونی 12 هەزار کەس و وێرانبوونی هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون، هێشتا بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە لەناو خێوەت و کابینەدا دەژین.
باسنيوز
