لە ڕانیە دوو کەس بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیر کران
ئەمڕۆ یەکشەممە 6/1/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "لەسەر داوای دادگای لێکۆڵینەوەی کۆیە، فەرمانی دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیمان کرا کە دوو کەسەکە تۆمەتبارن بە تاوانی دزیکردن، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادگای لێکۆڵینەوەی ڕانیە و دوای بەدواداچوون و چاودێریکردن، لە شەوی 5/1/2019 لەلایەن ھێزەکانمان لە بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی ڕاپەڕین لە ڕانیە، دوو تۆمەتبارەکەیان بە ناوەکانی (ف، ز) تەمەن 40 ساڵ و (خ، ا) تەمەن 25 ساڵ دەستگیر کرد، کە ھەردووکیان دانیشتووی شاری ڕانیەن و لە ڕەگەزی نێرن".
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، کە دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، کە مۆلیدەیەکی کارەبای 60 کەیڤییان لە کۆیە دزی بوو، بە فەرمانی دادگا و بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە بە گوێرەی تایبەتمەندیی شوێنی ڕووداوەکە، ھەردوو تۆمەتبارەکە ڕادەستی بەشی پۆلیسی کۆیە کرانەوە.
باسنيوز
