حەوت بۆمبی كیمیایی هێشتا مه‌ترسین له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌

حەوت بۆمبی كیمیایی هێشتا مه‌ترسین له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌
پارێزگای هەڵەبجە، حەوت بۆمبی كیمیایی تێدا ماون و سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانیش دەڵێ، مەترسیی بوونی ئەو بۆمبانەیان بە لایەنی پێوەندیدار گەیاندووە.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە هەڵەبجە حەوت بۆمبی كیمیایی ماون، كە كەوتوونەتە حەوشەی ماڵانەوە و مەترسیی زۆریان هەیە، بۆیە داوا دەكەین لیژنەی پسپۆڕ بۆ هەڵگرتنەوەیان بنێردرێت".

عەبدولقادر دەڵێ: "بۆمبەكان، ئەو بۆمبانەن كە ڕۆژی 16-3-1988 لەلایەن ڕژێمی سەددام حوسێنەوە كیمیابارانی شارەكەمانیان پێ كرا، نەتەقینەوەی ئەو بۆمبانەیش لە كاتی خۆیدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لەو شوێنانەیان داوە كە زەوییەكە قوڕ بووە و بۆمبەكەكان چەقیون بە زەویدا‌".

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، لە ڕێگای باوەكۆچەریی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، كرێكار ئیشیان دەكرد و لەو كاتەدا یەكێك لە بۆمبە نەتەقیوەكان دەركەوت و، بە هۆی ڕژانی كیمیاییەكەیەوە ژمارەیەك كرێكار بریندار بوون، كە كاریگەریی 100%ی كاتی تەقاندنی مابوو.

لوقمان عەبدولقادر زیاتر گوتی: "چەندین هاووڵاتی بۆمبی كیمیایی لە حەوشەی ماڵەكانیاندا هەبووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی بۆیان لانەبراوە، خستوویانەتە ناو بیری ماڵەكانیان و بیرەكانیان پڕ كردووەتەوە، كە ئەوەش زیانی بۆ ئاوی ژێرزەوی دەبێت".

دەشڵێ: "داوا لە حكوومەتی هەرێم و ئیدارەی هەڵەبجە دەكەین، تیمێكی پسپۆڕی كیمیایی بنێرنە شارەكەمان، كە پشكنین بۆ تەواوی بۆمبەكانی هەڵەبجە بكەن و تەواوی بۆمبە كیمیاییەكان هەڵبگیردرێنەوە و لە شارەكە دوور بخرێنەوە".

ڕۆژی 16/3/1988 لە لایەن ڕژێمی سەددام حوسێنەوە، هەڵەبجە كیمیاباران كرا، كە 5 هەزار شەهید و زیاتر لە 10 هەزار بریندار و هەزاران بێسەروشوێنی لێ كەوتەوە.‌
kdp -
Top