لیوا قارەمان: كەشوھەواوە ڕێگربوو.. لەم مانگەدا نەخۆشخانەی پێشمەرگە تەواو دەبێت
جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لیوا قارەمان كەمال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دروستكردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە قۆناغی كۆتاییدایە و بە ھۆی كەشوھەواوە تەواوكردنی بیانەكە ھەندێك دوا كەوت، بەڵام لەم مانگەدا بیانەكە تەواو دەبێت و قۆناغی دووەمی نەخۆشخانەیش دەست پێدەكات، كە ئەویش ئامادەكردنی ناو نەخۆشخانە و دابینكردنی پێداویستییەكانی نەخۆشخانەكەن".
لیوا قارەمان گوتیشی: "بڕیارە ھەر لەم مانگەدا ئەو شەقامەی بۆ نەخۆشخانەكە دەچێت، تەواو ببێت، چونكە جاددەی بۆ ڕۆییشتووە و تەنیا قیڕتاوكردنی ماوە، لە ئێستایشدا سەرقاڵی قیڕتاوكردنی جاددەكەن".
كەمال باسی لەوەش كرد، ھەر كاتێك نەخۆشخانەكە تەواو بێت، ھەموو ھێزەكانی پێشمەرگە، ئەوانەی پێویستیان بە چارەسەركردنی پزیشكی ھەبێت، لەو نەخۆشخانەیە چارەسەری پێویست وەردەگرن.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، پێشتر جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندبوو، بڕیارە نەخۆشخانەكە تاوەكو ناوەڕاستی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو تەواو ببێت، بەڵام بە ھۆی كەشوھەواوە نەتواندراوە تەواو بكرێت.
نەخۆشخانەی پێشمەرگە، كە لەسەر ئەركی ئەڵمانیا بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە دروست دەكرێت، لە دوو بەش پێك دێت، ئەوانیش بەشی ئاسایی و فریاكەوتنن.
kdp -
