عەمید عەبدولڕەحمان: رۆژێک دێت كاركردن بە ڕەگەزنامە و ناسنانەی عێراقی كۆتایی دێت

عەمید عەبدولڕەحمان: رۆژێک دێت كاركردن بە ڕەگەزنامە و ناسنانەی عێراقی كۆتایی دێت
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، وادەی كۆتاییھێنان بە ناسنامە و ڕەگەزنامەی عێراقیی ئاشكرا كرد. بەرپرسێكی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ، پێویستە ھەموو ھاووڵاتییەك ببێتە خاوەنی كارتی تایبەت بە خۆی، چونكە ڕۆژێك دێت كار بە زۆرێك لە بەڵگەنامەكان ناكرێت، جگە لە كارتی نیشتمانی.

عەمید عەبدولڕەحمان گەردی، بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و نشینگەی ھەولێر، ڕایگەیاند: "ساڵی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆر لە بنكەی دەرھێنانی كارتی نیشتمانی لە ھەرچوار پارێزگاكەی ھەرێمی كوردستاندا كراونەتەوە، بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زۆرتر ھاووڵاتی بتوانن سەردانی بنكەكان بكەن بۆ دەركردنی كارتی نیشتمانی، ڕۆژانەش ژمارەیەكی بەرچاو سەردانی ئەو بنكانە دەكەن، كە زیاتر لە ٤٠ بنكەی دەركردنی كارتی نیشتمانی ھەن و ڕۆژانە بە ڕووی ھاووڵاتیاندا كراوەن، بۆ ئەوەی ھەموو ھاووڵاتییەك ببێت بە خاوەنی كارتی نیشتمانیی تایبەت بە خۆی".

بەڕێوەبەری ڕەگەزنامەی ھەولێر دەشڵێت: "پێویستە ھەموو ھاووڵاتیان ئاگاداری ئەوە بن، كارتی نیشتمانی یەكێكە لە بەڵگەنامە ھەرە گرنگەكانی حكوومەت و ئەركە ھەموو ھاووڵاتییەك ببێتە خاوەنی كارتی تایبەت بە خۆی، چونكە بە شێویەكی پێشكەوتوو دروست كراوە و دەرفەتی بۆ ساختەكردن نەھێشتووە."

بڕیارە دوای ئەوەی زۆرینەی ھاووڵاتیانی عێراق دەبنە خاوەنی كارتی نیشتمانی، كاركردن بە ناسنامە و ڕەگەزنامەی عێراقی كۆتایی بێت و كارتی نیشتمانی شوێنیان بگرێتەوە. لەو بارەیەوە، نەشئەت ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتیی كارتی نیشتمانی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند: "توانیومانە فەرمانگەكانی ڕەگەزنامەی عێراقی بگۆڕین بۆ كارتی نیشتمانی، بڕیاریشە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا كاركردن بە ڕەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی ڕابگرین و تەنیا كار بە كارتی نیشتمانی بكرێت".

عەمید عەبدولڕەحمان گەردی، پەیوەست بە وادەی ڕاگرتنی ناسنامە و ڕەگەزنامەی عێراقی، دەڵێت: "ڕاستە كارتی نیشتمانی خەرجییەكی زۆری لێ كراوە بۆ ئەوەی شوێنی كۆمەڵێك بەڵگەنامە بگرێتەوە، كە لە سەردەمی ئێستادا باویان نەماوە، ھەر كاتێكیش بڕیار درا، ئەوە ھاووڵاتیان تەنیا دەتوانن كارتی نیشتمانی بەكار بێنن و زۆرێك لە بەڵگەنامەكانی دیكە كاریان پێ ناكرێت، چونكە كارتی نیشتمانی زیاترین زانیاری لەبارەی كەسەكەوە لەخۆ دەگرێت".
kdp -
Top