ئەگەر بوودجە پەسەند نەکرێ حکوومەت یەک لەسەر ١٢ی خەرج دەکات

ئەگەر بوودجە پەسەند نەکرێ حکوومەت یەک لەسەر ١٢ی خەرج دەکات
ئەندامێکی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنانی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق گوتی، بە پێی یاسا لەبەر ئەوەی پڕۆژەیاسای بوودجە پەسەند نەکراوە، لەم مانگەوە حکوومەتی عێراق دەتوانێ یەک لەسەر ١٢ی بوودجە خەرج بکات و پشکی ھەرێمی کوردستانیش پێویستە ڕەوانە بکات.

نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنانی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە پێی یاسای ئیدارەی دارایی و قەرزی گشتی، ئەگەر لە ساڵی نوێ پڕۆژەیاسای بوودجە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەکرابوو، حکوومەتی عێراق بۆی ھەیە یەک لەسەر ١٢ی بوودجە خەرج بکات، بۆیە حکوومەتی عێراق لەم مانگەوە دەست بە خەرجکردنی یەک لەسەر ١٢ی بوودجە دەکات، ئینجا لە بوودجەی کارپێکردن و وەبەرھێنانیش."

نەجیبە نەجیب گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان بە ھەمان شێوەی عێراق پشکی لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا ھەیە، بۆیە پێویستە لەم مانگەوە لەو بوودجەیەی حکوومەت خەرجی دەکات پشکی ھەرێمی کوردستانیش خەرج بکات، چونکە بە پێی یاسا ھەرێمیش پشکی خۆی لە بوودجەدا ھەیە، ئینجا لە بوودجەی بەکارھێنان و وەبەرھێنانیش."

نەجیب باسی لەوەش کرد: "جگە لەوەش ئەو ٣١٧ملیار دینارەی بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت، ئەمە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ دروست کراوە و پێویستە حکوومەتی عێراق ڕەوانەی بکات و پەیوەندیی بە پەسەندکردنی بوودجەوە نییە، تاوەکو لە نێوان ھەرێم و بەغدا ڕێککەوتن لەسەر بوودجە دەکرێت."
kdp-
Top