خەڵکی خانقین بە لیژنەی پارتی بۆ چارەکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکان گەشبینن

خەڵکی خانقین بە لیژنەی پارتی بۆ چارەکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکان گەشبینن
ئەندامێکی ئەنجومەنی قەزای خانەقین گوتی، ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی خانەقین خراپتر دەبێت و ھێزێک بە ناوی داعش و حەشدی شەعبی زوڵم لە کورد دەکەن، تا ئێستاش نزیکەی ھەزار خێزان سنووری خانەقینیان جێ ھێشتووە، بەڵام خەڵکی خانەقین گەشبینن بە لیژنەی باڵای چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکان کە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێک ھێندراوە.

ڕەفعەت موراد ئاغا، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی سنووری خانەقین بەرەو خراپتر دەچێت و خەڵکی کورد لە خانەقین خانووی خۆیان دەفرۆشن و ناوچەکە جێ دێڵن و تاوەکو ئێستاش لە سنووری خانەقین نزیکەی ھەزار خێزان شارەکەیان جێ ھێشتووە، چونکە کۆنەبەعسییەکان لە لایەک بە ناوی داعش و لە لایەکیش بە ناوی حەشدی شەعبی تەعدا لە کورد دەکەن و ناوچەکانیان تەعریب دەکەن."

ڕەفعەت موراد ئاغا گوتیشی: "کروییەکان گەڕاونەتەوە ناوچەکە و خۆیان کردووە بە حەشدی شەعبی و تەعدا لە کورد دەکەن و لە لایەکیش داعش بوونە، بۆیە دۆخی کورد لە ناوچەکە زۆر خراپە و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە ھەیە."

ڕەفعەت موراد ئاغا باسی لەوەش کرد: "خەڵکی خانەقین دڵخۆش و گەشبینن بەو لیژنەی باڵایەی لە لایەن پارتییەوە دروست کراوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، چونکە ھەندێک ھەنگاو دەنرێن، کە ئاماژەن بۆ چارەکردنی کێشەکان، ئەویش لادانی فەرماندەی سەربازیی کەرکووکە و ئێستاش داوا لە دژەتیرۆری عێراق کراوە سەربازگەی کەیوەن چۆڵ بکەن، ئەمەش کارێکی باشە و ھیوادارین ھەنگاوی دیکەی بەدواوە بێت، چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەکەین و ئەگەر کێشەکانیش چارەسەر نەبوون، ڕێگای دیکە دەگرینە بەر."

بە بڕیاری سەرۆک بارزانی لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دروست بووە و لیژنەکە دەستبەکار بووە و تا ئێستاش وەک ئەندامێکی لیژنەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا پێشتر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتبووی، کاری باشیان کردووە و بڕیارە سەردانی بەغداش بکەن و لەم ساڵدا ھەنگاوی کرداری بۆ چارەکردنی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان دەنرێن.

لیژنەی باڵای چارەکردنی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی د. کەمال کەرکووکی و ئەندامیەتیی شاخەوان عەبدوڵڵا و ئومێد سەباحە.
kdp-
Top