د. مەحموود عوسمان: پێویستە پەلە لە پێکهێنانی حکوومەت بکرێت

	 د. مەحموود عوسمان: پێویستە پەلە لە پێکهێنانی حکوومەت بکرێت
زیاتر لە سێ مانگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە و ھێشتا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت. سیاسەتمەدارێکی کوردیش پێی وایە، پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەت.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە چەند ڕۆژی دابێت گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەت دەست پێ دەکات. لەوبارەیەوە، دکتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد داوای کرد، پەلە بکرێت لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان بۆ کۆتاییھێنان بەو دانوستانانەی ماوەیەکە بۆ پێکھێنانی حکوومەت و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و دەشڵێت: "ماوەی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستاندا دەرباز بووە و ھێشتا لایەنەکان نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت."

دوێنێ، ھێمن ھەورامی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ھەمان داوای ئاراستەی لایەنەکان کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لایەنی سەرەکیی براوەی ھەڵبژاردنی ڕابردوو پارتی دیموکراتی کوردستانە و کاندیدی بۆ ھەردوو پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دیاری کردووە، بەڵام پێویستە لایەنەکانی دیکەش لەگەڵ پارتی بگەنە ڕێککەوتن، بەتایبەتی یەکێتی و گۆڕان کە ھێزی دووەم و سێیەمی ھەڵبژاردنن."

دکتۆر مەحموود عوسمان ڕوونی کردەوە: "پێویستە پارتی و یەکێتی بگەنە ڕێککەوتن، ھەرچەندە من ئاگاداری وردەکاریی گرێی نێوانیان نیم کە بۆ چی ڕێککەوتن نەکراوە، بەڵام ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕێککەوتنی ھەردوو حزب ھەیە، چونکە دوو حزبی سەرەکین لە ھەرێمی کوردستان و بە ڕێککەوتنی ئەوان کێشەکان چارە دەبن و ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە قۆناغێکی نوێی گەشەکردنەوە."
kdp-
Top