لە ماوەی یەک حەفتەدا ١٣٦ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان

	 لە ماوەی یەک حەفتەدا ١٣٦ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان گوتی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئاھەنگەکانی سەری ساڵ و یاریکردن لەناو بەفری ناوچە شاخاوییەکاندا لە ماوەی یەک حەفتەدا ١٣٦ھەزار کەس سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.

نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی: "بە مەبەستی کاتبەسەربردن و بۆ ئاھەنگی سەری ساڵ و یاریکردن لەناو بەفری ناوچە شاخاوییەکاندا، لە ماوەی ٢٥ی ١٢ تاکو ٣١ی ١٢ی ٢٠١٨ زیاتر لە ١٣٦ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان."

نادر ڕۆستی گوتیشی: "بەراورد بە ھەمان کاتی ساڵی ڕابردوو ڕێژەی گەشتیاران ١٥٢% زیادی کردووە، لە ھەمان کاتی ساڵی پار ٥٤ ھەزار گەشتیار ھاتبوون."

ڕۆستی باسی لەوەش کرد: "بەشی زۆری گەشتیاران لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان."

ڕۆستی گوتی: "بنکەکانی گەشتیاری (ھۆتێل و مۆتێل و گوندی گەشتیاری) پڕ ببوون لە گەشتیار."

گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێم ئاشکرایشی کرد: "ئەگەر ھەر گەشتیارێک بە لایەنی کەمەوە ٢٠٠ دۆلاری بۆ بازاڕەکانی ھەرێم ھێنابێت، ئەوە ٢٧ ملیۆن دۆلار ھاتووەتە بازاڕەکانی ھەرێمەوە، ئەمەش ھۆکارێکی باشە بۆ جووڵاندنی بازاڕەکان و بووژانەوەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان."
kdp-
Top