ئەنەکەسە: تا پەکەکە لەوێ بێت ڕۆژئاوا سەقامگیر نابێ
نەواف حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) گوتی: "ھەر کارێک بەرامبەر سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت بە ڕەزامەندیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و تورکیا دەبێت، بۆیە ئێستا باس لەوە دەکرێت کە ڕژێمی سووریا شوێنی ئەمەریکا لە سووریا دەگرێتەوە و تورکیاش زیاتر پەیوەندیی بە سنوورەکانەوە ھەیە کە ئەویش لە ڕۆژئاوای کوردستانە، بۆیە تورکیا لە ھەڕەشەکانی زۆر جددیە و تا ھەر شوێنەوارێکی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان بمینێت، تورکیا سوورە لەسەر ھێرشکردن، بۆیە پێویستە پەیەدە خۆی بکاتە حزبێکی خۆماڵیی ڕۆژئاوای کوردستان و لە پەکەکە جیا بێتەوە و لەگەڵ پارتەکانی کورد، وەکو ئەنەکەسە بگاتە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی قەناعەت بە تورکیا بکات ھێرش نەکەن، ئەگەر بەوشێوەیە بێت زەحمەتە تورکیا پاشگەز بێتەوە لە ھەڕەشەکانی."
نەواف حەسەن گوتیشی: "مەترسییەکی جددی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان ھەیە، بۆیە ئێمە وەکو ئەنەکەسە لەگەڵ وڵاتان لە ھەوڵی جددیداین بۆ ئەوەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان نەبنە قوربانی و درع بۆ پەیەدە و پەکەکە، ھەر بۆیە شاندێکمان پێش چەند ڕۆژ لە لە ڕووسیا بوو و شاندێکیش لە سعوودیایە، بۆ ئەوەی خەڵک نەبێتە قوربانی و لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین."
حەسەن باسی لەوەش کرد: "پێویستە بە ھەموو لایەک فشار لەسەر پەیەدە دروست بکرێت بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە خۆیدا بکات و چتیر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان نەبنە قوربانیی سیاسەتی ھەڵەی ئەوان."
KDP
