قایمقامی چەمچەماڵ: کەسوکاری سێوان قادر سکاڵاکەیان لەسەر تۆمەتبارێکی کەیسەکە کشاندەوە
کەمێک لەمەوبەر (پێنجشەممە ٣ی ١ی ٢٠١٩)، ڕەمەک ڕەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، ڕايگەیاند، دوای ئەوەی ئافرەتێک لەسەر دۆسیەی سێوان قادر دەستگیر کرا و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا کرا، دوێنێ ئەو ئافرەتە ئازاد کرا“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دایک و باوکی سێوان قادر، سکاڵاکەیان لەسەر ئەو ئافرەتە کشاندووەتەوە و دادگا ئازادی کردووە، چونکە ”دایک و باوکی سێوان قادر گوتوویانە کە ئێمە ئەو ڕۆژەی کچەکەمان گیانی لەدەست دا، دڵمان گەرم بووە، بۆیە سکاڵامان تۆمار کردووە و ئێستا بەپێویستی دەزانین سکاڵاکە بکشێنینەوە".
ڕوونیشی کردەوە، ئەو ئافرەتەی لەسەر دۆسیەی سێوان قادر پێشتر دەستگیر کرابوو، دراوسێی ماڵی سێوان بووە، دایک و باوکی سێوان بۆیە سکاڵایان لەسەر ئەو ئافرەتە تۆمار کردووە، گوایە لەکاتی ئاگر کەوتنەوەکەدا ھێزە ئەمنییەکانی ئاگادار نەکردووەتەوە، بەڵام ئەو ئافرەتە چوەتە شوێنی ڕووداوەکە و ئەگەر هێزە ئەمنییەکانی ئاگادار نەکردایەتەوە، ڕەنگە سێوان قادر ئەو چەند ڕۆژەش نەژیایە، بۆیە ”دواجار دایک و باوکی سێوان قادر تەنازولیان بۆ ئەو ئافرەتە کردووە و ئێستا ئازاد کراوە".
قایمقامی چەمچەماڵ ئاماژەشی بەوە کرد کە دۆسەی سێوان قادر لە دادگادا ماوە و دوێنێ دادگا داوای ڕاپۆرتی لە بەرگریی شارستانی کردووە و بڕیاری یەکلاکەرەوەش دواتر لەسەر دۆسیەکە دەدات.
پێشتر نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوبەری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕايگەیاندبوو: "بەھۆی سکاڵای خانەوادەی سێوان قادر، ئەو ئافرەتەی کە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار کرا لەگەڵ ھاوسەری سێوان قادر، بەبڕیاری دادوەر دەستگیر کراون و بەمەبەستی لێکۆڵێنەوە لە چۆنیەتیی ڕووداوەکە دەستبەسەر کراون و گوتەیان لێ وەردەگیرێت“.
جەختیشی لەوە کردبووەوە کە جگە لەو ئافرەتە و هاوسەرەکەی سێوان قادر، هیچ کەسێکی دیکە لەسەر دۆسیەکە دەستگیر نەکراوە، بەڵام پۆلیس لێکۆڵینەوەی بەردەوامە.
کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی شەوی ١٦/١٢/٢٠١٨، لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا، سێ منداڵ گیانیان لەدەست دا و دایکەکەشیان بە سەختی بریندار بوو، بەڵام بەھۆی زۆریی ڕێژەی سووتانەکەیەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢٣/١٢/٢٠١٨ لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی گیانی لەدەست دا. دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی ئاگرکەوتنەوەکە، ھاوسەری ئەو ئافرەتە بەوە تۆمەتبار کرا کە خۆی ھاوسەر و منداڵەکانی سووتاندووە، بەڵام تا ئێستا ھۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە یەکلا نەبووەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەمبارەیەوە بەردەوامن.
باسنيوز
