قاسم شەشۆ: هەندێ کەس و لایەن بازرگانی بە کەیسی شنگالەوە دەکەن
قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لەمبارەوە ڕايگەیاند: "هەندێ کەس و لایەن لە ئاڵۆزکردنی ڕەوشی شنگال قازانج دەکەن و لە ڕێگەیەوە بازرگانیی پێوە دەکەن، بۆیە لە باشکردنەوەی ڕەوشی شنگالدا هاوکار نین و بەتایبەتی دوای ئەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هاتوونەتە قەزای شنگال دۆخەکە ناخۆشتر بووە، بۆیە ئێستا هەموو خەڵکی شنگال لەگەڵ ئەوە دان بوونی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی دیکە نایاسایین، ئەو قەزایە بەجێ بهێڵن و دەست بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکرێت، چونکە بوونی ئەو گرووپانە بەربەست لەبەردەم ئاوەدانەکردنەوە و گەڕانەوەی خەڵکەکەدا".
ئاماژەی بەوەش کرد: "لەباتی ئەوەی ئەو لایەنانە پشتگیری لە کەیسی شنگال بکەن بۆ بە جینۆسایدناساندن و گەڕانەوەی ئاوارە و قەرەبووی زیان پێگەیشتوو و لێقەوماوان و ڕزگارکردنیان لەدەستی داعش، هەندێک لایەن کەیسی شنگال بە دەرفەت و هەلێک دەبینن و بازرگانیی پێوە دەکەن".
باسنيوز
