وردەکاریی کوشتنی منداڵێکی رۆژئاوای کوردستان لە سلێمانی ئاشکرا دەبێت

 وردەکاریی کوشتنی منداڵێکی رۆژئاوای کوردستان لە سلێمانی ئاشکرا دەبێت
وردەکاریی کوشتنی منداڵێکی ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان لە سلێمانی، ئاشکرا دەبێت.

مستەفای سێ ساڵە، رۆژی 29-3-2018 لەبەردەم خاڵەکەیاندا لە کەمپی باریکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دیار نەما و دایک و باوکیشی، کە لە رۆژئاوای کوردستان ئاوارەی باشووری کوردستان بوون، لە بنکەی پۆلیسی عەربەت سکاڵایان تۆمار کرد.

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە، رۆژی 1-4-2018، تەرمی مستەفایان لەسەر رێگای عەربەت- زەڕایەن دۆزیوەتەوە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوی رفاندن و کوشتنەکە کردووە.

هەروەک پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە، رۆژی 9-8-2018، واتا دوای چوار مانگ و 10 رۆژ، تۆمەتبارێکیان بەناوی (م. ک. ح.) دەستگیر کردووە و پاش کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاریی لەسەر رووداوەکە، تۆمەتبارەکە لە رۆژی 2-1-2019 دانی بە ئەنجامدانی تاوانەکەدا ناوە.

پۆلیسی سلێمانی لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) وردکارییەکەی بڵاو کردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو تۆمەتبارە رایگەیاندووە، لەبەردەم ماڵێکدا ئەو منداڵەی بە ئۆتۆمبێل شێلاوە و دواتریش خستوویەتییە ناو ئۆتۆمبێلەکەی و بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە تەرمەکە لەبەردەم مالەکە دانێتەوە، لەسەر شەقامی گشتیی عەربەت - زەڕایەن فڕێی داوە.

دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە مانگی ئاداری 2011 و حوکمی تاکلایەنەی توندی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان لەو بەشەی کوردستان، دەیان هەزار هاووڵاتیی کوردی رۆژئاوا پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا و بەشێکیان لە کەمپەکاندا نیشتەجێ کران.











باسنيوز
Top