لیژنەیەكی باڵا بۆ یەكلاكردنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركووك پێك ھێندراوە
مەھدی موبارەك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەكی باڵا لە بەغدا دروست كراوە، كە لە سێ پەرلەمانتاری كەركووك و بەرپرسی نووسینگەی مادەی ١٤٠ لە كەركووك و بەڕێوەبەری زەویوزار لە وەزارەتی كشتوكاڵ و نوێنەری وەزارەتی داد و نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای دادگا پێك ھاتووە و، بڕیارە نۆی ئەم مانگە لەسەر كێشەی زەویوزاری كەركووك كۆ ببنەوە، بۆ ئەوەی ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە، كە نزیكەی یەك ملیۆن دۆنم زەوی دەبێت تاوەكو ئێستا كێشەكانی بە ھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و پێویستە بڕیاری لەسەر بدرێت".
موبارەك گوتیشی، لەو لیژنەیەدا نوێنەری كوردیشی تێدایە، بەڵام ئەگەر ئەو پرسە لەبەرژەوەندیی كورد یەكلا نەبێتەوە، كارەساتە، چونكە زەوییەكان موڵكی كوردن و پێویستە كورد زۆر ھۆشیار بێت لەوەی پێویستە زەوییەكان بۆ كورد بگەڕێنەوە و نەدرێن بە عەرەب، چونكە ئێستا عەرەب لە كەركووك دەستەڵاتدارە.
دەشڵێ، لەم دۆخەی ئێستادا یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە قورسە، بەڵام رەنگە بتوانن ھەندێك پرسیش لەو بارەیەوە چارە بكەن.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك ئاماژەیشی دا، كۆمەڵێك بڕیار لە دادگای كەركووك دەرچوون دژی كوردن، بۆیە پێویستە لەو لیژنەیە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە دەربكرێت، ئەگەر نا نیشانەی پرسیار لەسەر لیژنەكە دروست دەبێت.
ڕاشیگەیاند، پێویستە نوێنەرانی كورد ھەموو ھەوڵێك بدەن زەوییەكان بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان بگەڕێننەوە كە كوردن، لەبەر ئەوەی دەیان ساڵە كورد باجی عەرەباندن دەدات و پێویستە كۆتایی پێ بھێندرێت.
kdp-
