تا ئێستا تەنیا ھەشت كڵێسای خاپووركراوی سەردەمی داعش نۆژەن كراونەتەوە
مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "لە سەردەمی دەستەڵاتی داعش لە نەینەوا، نزیكەی سەد شوێنی ئایینی و پەرستگا خاپوور كراون و زیانیان بەركەوتووە، بەڵام بە ھۆی ئەو پڕۆسە داگیركارییەی ھەیە، نەتوانراوە وەك پێویست ئەو شوێنانە نۆژەن بكرێنەوە، كە شوێنە پیرۆزەكان ھیی پێكھاتەی ناوچەكەن وەك كوردی ئێزدی و كریستیان و كاكەیی".
لای خۆشیەوە، خالید ئەلبێرت، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری كریستیانەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لەناو سەنتەری شاری مووسڵ و دەوروبەریدا، ٣٨ كڵێسا لەسەردەمی تیرۆریستانی داعش خاپوور كراون، تا ئێستا بە ھاوكاریی خۆمان وەك كڵێسا و كریستیانەكان، تەنیا ھەشت لەو كڵێسایانە نۆژەن كراونەتەوە، بەڵام ٣٠ كڵێسا ماون و ھەندێكیان بە تەواوی خاپوور بوونە و پێویستیان بەوەیە سەرلەنوێ دروست بكرێنەوە".
نەقشبەندی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "حكوومەتی عێراق ھیچ بودجەیەكی دیاریكراوی بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنە ئایینیانە دابین نەكردووە، تەنیا ژمارەیەك شوێنی پیرۆزی شیعە نۆژەن كراونەتەوە، ھەرچی پەیوەستە بە ئێزدی و سوننە و كریستیان و كاكەیییەكان، بەغدا پارەیان بۆ خەرج ناكات".
kdp-
