فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات پەلە لە پێکھێنانی کابینەی نۆیی حکوومەت بکرێ

فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات پەلە لە پێکھێنانی کابینەی نۆیی حکوومەت بکرێ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، داوا لە لایەنەکان دەکەین پەلە لە پێکھێنانی حکوومەت بکرێت و حەفتەی داھاتوو دانوستانی جددیتر بۆ ئەو مەبەستە بکرێت و پرسی ناوچە کوردستانییەکان و بەغداش تێکەڵ بە پێکھێنانی حکوومەتی نوێ نەکرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ھێمن ھەورامی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی لە ساڵی نوێدا یەکەم کۆبوونەومان ئەنجام دا و ھەرێم بە دۆخێکی ھەستیاردا تێدەپەرێت و ساڵی ڕابردوو ھەورازونشێوی زۆرمان بڕیوە و ھەرێمی کوردستان لە دوای قۆناغی ھەڵبژاردنی ٣٠/٩یە، بۆیە داوا دەکەین پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی ھەرێم بکەونە سەر سکەی خزمەتگوزاری و بەھێزکردنی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ٥٧ ڕۆژ بەسەر سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەماندا تێپەڕ دەبێت."

ھێمن ھەورامی گوتیشی: "داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین پێکەوە ھەست بە بەرپرسیارەتییەکی ھاوبەش بکەن و بێ بیانووگرتن بە یەکتر، بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و دروستکردنەوە سەرۆکایەتییەکانی کوردستان و دانانی بەرنامەیەک بۆ حکوومەت و کابینەیەکی بەھێز لە پێناو بەرژوەندیی باڵای خەڵکی کوردستان و گەیاندنی خزمەتی زیاتر و باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵک و زیادکردنی داھات و نەھێشتنی بێکاری و ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان پەلە بکرێت."

ھەورامی باسی لەوەش کرد: "ئەوکارە بەوە دەکرێت ئێمە بە گیانێکی شەراکەتی ڕاستەقینە و بەبێ بیانووگرتن بە یەکتری و بەبێ تێکەڵکردنی ئەوراقی بەغدا و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کار بکەین، لەبەر ئەوەی ھەڵبژاردنەکە خۆی ساڵێک دوا کەوتووە، بۆیە وەک فراکسیۆنی پارتی داوا لە براوەی دووەم و سێیەم دەکەین لە حەفتەی داھاتوو گفتوگۆی جددیتر بکرێت، چونکە ئێمە لە پارتی دوو گەڕی دانوستانمان لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کردووە، بۆیە داواکارین لە حەفتەی داھاتوو گفتوگۆ بکرێت بۆ ئەوەی متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکانی ھەرێم لاواز نەبێت، چونکە قەرزاری خەڵکی کوردستانین و پێویسە کاری حزبەکان خزمەتکردنی خەڵک بێت."

هەورامی گوتیشی: "بۆ ناوچە کوردستانییەکان بە تێکرا داوا دەکەین بە جیا قسەی لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی دۆخیان ئاسایی بکرێتەوە، بەڵام بە تێکەڵکردنی لەگەڵ گفتوگۆکانی ئێستا خزمەت بە کەرکووک و پێکھێنانی حکوومەت ناکات."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەش کرد: "ئێمەش وەک فراکسیۆنی پارتی پشتگیری لە شاندی دانوستانکاری پارتی دەکەین بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێم و پێکھێنانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان."
kdp-
Top