لیوا قارەمان: ھەوڵ دەدرێت بە میکانیزمێکی نوێ ھێزی ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکان دروست بکرێت
لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆکئەرکانی ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئامانجی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، جارێکی دیکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق بە ھاوبەشی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کار بکەین و ھێزی پێشمەرگەش بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، چونکە پێش شەڕی داعش پێکەوە کارمان کردووە و ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش و ھێزی ھاوبەش و بازگەی ھاوبەش ھەبووە و لە مووسڵ تا دەگاتە خانەقین ٢٣ بازگەی ھاوبەش ھەبووە، ئێستا ئەوە نەماوە، بەڵام پێویستە بە میکانیزمێکی نوێ ئەو ھێزە ھاوبەشانە دروست بکرێنەوە."
لیوا قارەمان کەمال گوتیشی: "ھەوڵ دەدرێت ئەو ڕێککەوتنەی پێشوو ھەبووە بە میکانیزمێکی نوێ زیندوو بکرێتەوە و بڕیار بوو حەفتەی ڕابردوو شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی ھەرێم بکات، بەڵام بە ھۆی کەشوھەواوە سەردانەکە دوا خرا و ڕەنگە دواتر سەردانەکە ئەنجام بدرێت."
کەمال باسی لەوەش کرد: "ئەوەی کێشەیە بۆ ئێمە کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ بکەین، ئەوەیە کە ھەموو ھێزەکانی عێراق یەک ڕایان نییە، چونکە پۆلیس و حەشدی شەعبی و دژەتیرۆر و سوپای عێراق ھەیە، ھەریەکەیان ڕای خۆی ھەیە و، ھەندێک لەو ھێزانەش ڕای جیاوازیان دەربارەی دروستکردنەوەی ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگە ھەیە. بۆ نموونە، کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیارێک دەردەکات، حەشدی شەعبی جێبەجێی ناکەن، بۆیە دروستکردنەوەی ئەو ھێزە ھاوبەشانە ئاسان نییە."
kdp-
