مەسیحییەکان سکاڵا لەسەر موفتیی سوننە و سەرۆکی وەقفی شیعە تۆمار دەکەن
یونادم یوسف کەننا، نوێنەری مەسیحییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "موفتیی سوننەکان و سەرۆکی وەقفی شیعە لە عێراق باسیان لەوە کردووە کە ڕێگە پێدراو نییە خەڵکی موسڵمان لەگەڵ مەسیحییەکان بەشداری لە ئاھەنگەکانی سەری ساڵدا بکەن، بەڵام خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان وەڵامی ئەوانیان نەدایەوە و ھەمووان بەشدارییان لە ئاھەنگی سەری ساڵدا کرد و گوێیان بە فتوای ئەوان نەدا."
یونادم یوسف کەننا گوتیشی: "ئەو جۆرە فتوایانە خزمەت بە ھیچ ئایین و نەتەوەیەک ناکات، بەڵکو ھانی خەڵک دەدات بۆ توندوتیژی و نەھێشتنی پێکەوەژیان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، چونکە بینیمان داعش بە ھۆی توندڕۆییەوە چی بەسەر عێراق و سووریا ھێنا و بە ھەزاران کەس بوونە قوربانی، بۆیە بڕیارمان داوە، سکاڵا لەسەر ھەردووکیان تۆمار بکەین و ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگرینە بەر."
kdp-
