لە ڕانیە بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆ کەسێک گیانی لەدەست دا

 لە ڕانیە بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆ کەسێک گیانی لەدەست دا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، کەسێک لە ڕانیە بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆ گیانی لەدەست داوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 1/1/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "کاتژمێر 1 و 25 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای گشتیی ناو شاری ڕانیە و لە نزیک ترافیکی ڕاپەڕین، ئۆتۆمبیلێکی بارھەڵگر لە جۆری تۆیۆتا کە پێنج سەرنشینی تێدا بوو، لە ڕێڕەوی خۆی لایدا و وەرگەڕا، بەو ھۆیەوە یەکێک لە سەرنشینەکان گیانی لەدەست دا".

باس لەوەش کراوە، کە ئەو کەسەی گیانی لەدەست داوە، ناوی (م، ع)ە تەمەنی 16 ساڵە و لە ڕەگەزی نێرە، ھەروەھا دانیشتووی ڕانیە بوو، دوای توێکاری بۆ تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەریی ڕانیە، ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە، "سێ لە سەرنشینەکانیش لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و یەکێکی دیکە لە سەرنشینەکان لەبەر سەختیی برینەکەی، بەڕێکرا بۆ نەخٶشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی".

پۆلیس ڕاپەڕین ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و شۆفێری ئۆتۆمبیلەکەش بەپێی مادەی 24 لە یاسای ھاتوچۆ بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە، لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە".









باسنيوز
Top