ترەمپ لەبارەی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کرد
لە پرێس کۆنفرانسێکدا گاراهام رای گەیاند: "سەرۆك ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی ھەر كشانەوەیەكی ئەمریكا لە سووریا بەبێ بەدیهێنانی سێ ئامانج نەبێت."
ئامانجەکانیش بریتین لە: "یەكەم، داعش بەتەواوی لەناو چووبێت. دووەمیان، ئێران لە سووریا گەشە نەكات و ھەژموونی فراوان نەبێت. سێیەمیشیان، ئەوەیە كە ھاوپەیمانە كوردەكانمان پارێزراوبن".
ئەو سیناتۆرە لەبارەی پرسی سووریاوە رای گەیاند: "سەرۆک نیگەرانە لە هەژموونیی ئێران بەوەی رێگایەکی تەختی ناردنی چەک لە تارانەوە بۆ بەیرووت هەیە".
لەبارەی هێزە کوردییەکانەوە گراهام گوتی: "سەرۆک قسە لەگەڵ تورکیا دەکات تاکوو دڵنیا بێت جەنگ لەگەڵ هاوپەیمانە کوردەکانمان روو نادات. سەبارەت بە نیگەرانییەکانی تورکیاش لە یەپەگە، دەکرێت ناوچەی پارێزراو دروست بکرێت".
پێشی وایە: "جەنگی کورد و تورکیا، ئێران دەکاتە براوەیەکی گەورە لە سووریا".
گراهام لە کۆتایی قسەکانیدا ئاشکرای کرد کە ئەمریکا نایەوێت ئەزموونی عێراق دووبارە بکاتەوە، تاکوو داعش لە سووریا لەناو نەبرێت، ئەمریکا لە چالاکییەکانی بەردەوام دەبێت.
لیندزی گراھام، سیناتۆری كۆمارییەكانە و بە دۆستێكی نزیكی كورد دەناسرێت و بە راشكاویش دژی كشانەوەی ئەمریكا لە سووریا وەستایەوە و رای گەیاندبوو، بڕیارەكە كوردەكان دەخاتە مەترسییەوە.
سەرچاوە: باسنیوز
