ساڵح موسلم: وەک پەیەدە نەیانتوانی لەڕووی دیپلۆماسییەوە کاری باش بکەن

 ساڵح موسلم: وەک پەیەدە نەیانتوانی لەڕووی دیپلۆماسییەوە کاری باش بکەن
ساڵح موسلیم رای دەگەیەنێت، وەك پەیەدە نەیانتوانی لە رووی دیپلۆماسی و سیاسییەوە كاری باش بۆ عەفرین بكەن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كارەكانیان بەشی ئەوەی نەكردووە رێگە لە داگیركاریی عەفرین بگرن.



ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتی یەکێتى دیموکراتی (پەیەدە) لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی (فورات)ی نزیك لە پەكەكە رای گەیاند: "ناتوانین بڵێین بۆ عەفرین دیپلۆماسییەکى باش بەڕێوە چووە، لەوەدا رەخنە لە خۆمان دەگرین، ئەگەر ئێمە بمانتوانییایە لەڕووی دیپلۆماسی و سیاسییەوە کارێکى باشمان بکردایە و پێشبینى و ئامادەکاریمان بەهێز بوایە، رەنگە کاری باشتر ئەنجام بدرایە، سەرباری ئەوەى بۆ عەفرین هەموو دونیامان ئاگادار کردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کارەکان بەشی ئەوەیان نەکرد، کە رێگە لە داگیرکردنى عەفرین بگرن".



ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەش کرد: "بە بەراورد لەگەڵ ساڵانى پێشتر لەڕووی دیپلۆماسییەوە ئەزموونى باشترمان بەدەست هێناوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا فەرەنسا، ئەمریکا، ئوردون و وڵاتانى هاوشێوەى ئەو وڵاتانە پێداگری لەوە دەکەن، کە ئێمە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى داهاتووی سووریاوە بەشداری گفتوگۆ و دانوستانەکان بین. سەرباری ئەوەی لە ساڵی 2018دا کەموکوڕیمان هەبوو، بەڵام کاری باشیش ئەنجامدراون، بەڵام هێشتا عەفرین بۆ ئێمە برینێکە، کارەکانمان بۆ عەفرین بەردەوام دەبن. تاوەکوو گەلی عەفرین لەژێر چادردا لە چاوەڕوانى رزگارکردنى شارەکەیاندا بن، ئەوا کاری ئێمە بۆگەڕانەوەى عەفرینییەکان بەردەوام دەبێت".



لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سالح موسلیم دەڵێت: "گەورەترین کار و ئەرکمان ئازادیى عەفرین و پێچەوانەکردن و بێکاریگەرکردنى هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورکیایە. گەورەترین هیوامان ئەوەیە گەلی عەفرین بگەڕێنەوە شارەکەی خۆیان، هەموو کارەکانى ئێمەش لەو پێناوەدا دەبن. ئێمە دەمانەوێت لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ببینە دەنگی بەرخودانى گەلەکەمان، دانیشتنى جنێڤ-مان لە بەردەمدایە، تورکیا بەو هۆیەوە بێزار و تەنگاوە، هیودارین لەگەڵ هەندێك کەسی ئازاد و لایەنى سووریا دانیشتن ئەنجام بدەین چارەسەرییەك بۆ سووریایەکى ئارام و خۆش بخوڵقێنین".






باسنیوز
Top