گەشتوگوزاری سۆران: ڕۆژانە زیاتر لە پێنج هەزار گەشتیار ڕوو لە سنوورەكەمان دەكەن

 گەشتوگوزاری سۆران: ڕۆژانە زیاتر لە پێنج هەزار گەشتیار ڕوو لە سنوورەكەمان دەكەن
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، لەگەڵ هاتنی پشووەكانی سەری ساڵ، رۆژانە زیاتر لە پێنج هەزار گەشتیار روو لە شوێنە گەشتیارییەكانی دەڤەرەكە دەكەن و زۆربەشیان گەشتیاری باشورو ناوەڕاستی عێراقن.



بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، راگەیاند: بەهۆی لەباریی هەڵكەوتەی دەڤەرەكەمان، لە رۆژانی پشوودا زیاتر لە (5) هەزار گەشتیار روو لە شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان دەكەن، بەتایبەتیش لەم رۆژانەدا بەهۆی پشووی سەری ساڵی زایینی رێژەی هاتنی گەشتیارانی زستانە لە بەرزبوونەوە دایە، زۆربەی گەشتیارانیش خەڵكی ناوچە و شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقن".



بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، گوتیشی، بەرزبوونەوەی رێژەی گەشتیاران، بۆ كوردستان و بەتایبەتیش بۆ دەڤەرەكەمان، بۆ رەخساندنی ئەم كەشە لەبارە و بوونی ئەمن و ئاسایش دەگەڕێتەوە، كە گەشتیار دەتوانێت گەشتێكی خۆش و ئارام بەسەر ببات، لەگەڵ ئەوەشدا توانراوە تا راددەیەكی باش پێداویستی و خزمەتگوزارییەكان لە شوێنە گەشتیارییەكان دابین بكرێت.



باسنیوز
Top