یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكاران: ساڵی نوێ ئابووری ههرێم زۆر زیاتر گەشە دەكات
شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكارانی كوردستان، گوتی: "بزافی بازرگانی لەمساڵدا زۆر گەشەی كردبوو، بەڵام بەپێی پێشبینییەكانی ئێمە، لە ساڵی نوێوە گەشەی ئابووری و بازرگانی زۆرتر گەشە دەكات، بە تایبەتی دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، من پێشبینیی ئەوە دەكەم كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زیاتر گرینگی بە ئابووریی وڵات دەدات".
سەرۆكی یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكارانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: "ئێمە وەك ھاوردە و ھەناردەكارانی كوردستان، چەندین پێشنیازمان بۆ حكوومەتی نوێ ئامادە كردوون، ئەویش بۆ ئەوەیە زیاتر گرینگی بە كەرتی پیشەسازی بدرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی ھەرێمی كوردستان".
عەبدولڕەحمان، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە ساڵەكانی ٢٠١١ و ٢٠١٢ رەوشی بازرگانی و ئابووری لە ھەرێمی كوردستان گەیشتبووە لوتكە، بەڵام بە ھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە چەند ساڵی رابردوودا بزاوتی بازرگانی و ئابووری دابەزینی بەخۆیەوە بینی، بەڵام ھەوڵەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان جارێكی دیكە ئومێدیان بەخشییەوە بە بازرگانان و ھاووڵاتیان، بۆیە دەتوانین بڵێین ئێستا لە قۆناغی ھەستانەوەی ئابووریداین و ئاییندەیەكی گەشیش لە پێشمانە".
kdp -
