برۆ: تورکیا، یان ڕژێمی سووریا شوێنگرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەبن

برۆ: تورکیا، یان ڕژێمی سووریا شوێنگرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەبن
بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە گوتی، بە پێی ڕێککەوتنێکی نێوان ڕووسیا و تورکیا، یان ھێزەکانی تورکیا، یاخود ڕژێمی سووریا شوێنی ھێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا دەگرنەوە. تورکیاش دەیەوێت بە دوو قۆناغ پەکەکە لە سووریا دەربکات و ھێزەکانی یەپەگەش بکاتە بەشێک لە ڕژێمی سووریا.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە، ئیبراھیم برۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تورکیا و ڕووسیا گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی لە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا دروست دەبێت پڕی بکەنەوە، بۆیە بڕیارە لە گفتوگۆکاندا ڕێککەوتن بکرێت، کە ھێزەکانی تورکیا بچنە منبج، یاخود ھێزەکانی ڕژێمی سووریا، یەکێک لەو دووانە دەبێت، بەڵام یەپەگە داوای لە ڕژێمی سووریا کردووە بچنە نێو منبج، بۆیە پێویستە یەپەگەش ببنە بەشێک لە ھێزەکانی ڕژێمی سووریا."

ئیبراھیم برۆ گوتیشی: "تورکیا پلانی داناوە لە قۆناغی یەکەمدا ھێزەکانی یەپەگە لە ناوچە عەرەبییەکان دەربکات و لە قۆناغی دووەمدا لە ناوچە کوردییەکان ڕێگرییان لێ دەکات، بۆیە فشارەکانی تورکیا زۆر زیاتر دەبێت، بۆ ئەومەبەستەش ڕێککەوتنێک لە نێوان ڕژێم و تورکیا دەکرێت و بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ھێزەکانی یەپەگە لە ڕۆژئاوای کوردستان بمینێت و ئیدارەی خۆیان ھەبێت."

برۆ گوتیشی: "تورکیا و ڕژێمی سووریا بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە بە مانەوەی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان نادەن و یەپەگە باس لەوە دەکات بەرخۆدان دەکەن، بەڵام ئەگەر ھێرش بکرێت ئاسانتر لە عەفرین چۆڵی دەکەن، چونکە ھیچ پشتگیرییەکی نێودەوڵەتییان نییە و ئەمەریکاش پشتی تێ کردوون."
kdp -
Top