روونکردنەوەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
لە ھەندێ میدیای سەر بە رژێمی سووریاوە لە میانەی لیستێکی دوور و درێژی ئەو کەسانەی ھاوکاریی ئۆپۆزسیۆنی سورییان کردووە و بە پاڵپشتیی تیرۆر ناوزەد کراون، ئاماژە بە ناوی مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دراوە.
مایەی گاڵتەجارییە رژێمێکی شۆڤێنی و سەرکوتکار و دژە کورد کە بۆ مانەوەی خۆی پاڵپشتیی تیرۆریستانی کرد تاکو وەکو بەدیلێکی باشتر لە توندرۆکان خۆی بنوێنێت باسی تیرۆر بکات.
رژێمێک چەکی قەدەغەکراوی دژ بە خەلکی سیڤیل بەکار ھێنابێت و بە سەدان ھەزار ھاووڵاتیی سوریای خەلتانی خوێن کردبێت و بە ملیۆنانی دیکەی ئاوارەی وڵاتانی دەورووبەر کردبێت، دەبێت چ ئیعتبارێکی ھەبێت تا بانگەشەی دروستکردنی لیستێکی وا بکات؟!.
ئەوەی زیاتریش مایەی پێکەنینە ئەوەیە کە ھەندێ ھەرزەکاری سیاسی و گەندەڵکار و خائین بەو ھەواڵە شاگەشکە دەبن و دەھۆڵی بۆ لێدەدەن.
ئەوەی کە رژێمی سووریای ھەراسان و توڕە کردووە پاڵپشتیی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم بووە لە ھێزە رەسەنەکانی رۆژئاوای کوردستان.
شانازییە بۆ مرۆڤ کە تۆمەتبار بکرێت بە پاڵپشتیی خەلکی ستەملێکراو و مافخوراو و جێگەی سەربەرزیشە کە لە ناوخۆی وڵات لە بەرەی دژ بە گەندەڵان و خۆفرۆشان وڵاتفرۆشان ھەژمار بکرێی. دامودەزگاکانی ژێر سەرپەرشتیی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش وەک هاوبەشێکی کارای ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی دژ بە تیرۆر، بەردەوام گورزی کوشندەیان لە تیرۆریستان داوە و لە دوا ئۆپەراسیۆنی تایبەتیشدا کە لە میدیا جیھانیەکاندا دەنگی دایەوە ، گەورەترین باندی پالپشتیی دارایی تیرۆریستان و شوشتنەوەی پارە پوچەڵ کرایەوە و ئەو باندەش زۆر کەس و لایەنی تێوەگڵابوون .
ھۆکاری داخ لەدڵی و کینەی خائین و وڵاتفرۆشان و دز و گەندەڵانی ناوخۆش لە بەرامبەر راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھەمیشە بەڕێزیان دژ بە سیخوری و داگیرکاری و تیرۆر و خیانەت و گەنەدەڵیەکانیان وەستاونەتەوە و ھەمیشەش لەو ڕەوتە بەردەوام دەبن و لە ریزی پێشەوەی بەرەی دژ بە تیرۆر دەمێننەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
٣٠/١٢/٢٠١٨
kdp -
