د. بەشیر: هەوڵ دەدەین بارودۆخی كەركووك بگەڕێنینەوە پێش ١٦ی ئۆكتۆبەر
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بۆ مێدیاكان رایگەیاند، بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانیان بۆ جێگری دووەمی سهرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باس كردووە، هاوكات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەران كار بۆ ئەوە دەكەن، كە دەسەڵاتی سەربازی لە شارەكە نەمێنێت و بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، كە دكتۆر بەشیر خەلیل وەك جێگری دووەمی سهرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی نووسینگەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی لە هەولێر كرد، تاڵەبانی گوتیشی: "ئەو بارەی لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر لە شارەكە هاتووەتە ئاراوە، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانی كەركووك كەوتوونەتە بارێكی نائاسایی". ئاماژەی بە دەستگیركردنی چەندین بەڕێوەبەر و بەرپرسی كوردی شارەكەی كرد، كە لە بنگەی پۆلیسی قۆرییە دەستبەسەر كراون، وەك خۆی گوتی، هەموو ئەو شتانەی باس كردووە و داوایان لە جێگری دووەمی سهرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە، كە خەمی كەركووكیان بباتە ناو ئەنجوومەنی نوێنەران.
دكتۆر بەشیریش هەر لە میانەی كۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەكهدا، بۆ مێدیاكان گوتی: "بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخیان بین، ئێمە وەك ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سیفەتی چاودێرمان بەسەر یاسا و دەستووردا هەیە، خودی رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و لە بابەتی سەربازی كە لە كەركووك روویان داوە، لە دەرەوەی یاسا و دەستوورن".
دكتۆر جەختیشی كردەوە، ئەوان وەك ئەنجوومەنی نوێنەران، یادداشتی هەموو بابەتەكانیان كردووە و هەوڵ دەدەن لە رێی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بیخەنە بەرنامەی كاریانەوە، بە پێویستیشی زانی بە شێوەیەكی یاسایی و دەستووری ئەو بارودۆخە چارە بكرێت و ئاسایی بكرێتەوە و دیاردەی سەربازی و میلیشیاكان نەمێنن و بارودۆخی كەركووك بگێڕدرێتەوە پێش ١٦ی ئۆكتۆبەر.
ئەوان سەردانی خێزانە ئاوارەكانی كەركووكیان كردووە، كە لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە ئاوارەی پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بوون، "بارودۆخیانمان بینی، ئەوانەی پێوست بوون تۆمارمان كردوون، تا بتوانین لەوێ چارەیان بۆ بدۆزینەوە و بارودۆخیان چارە بكرێن، تا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".
سەبارەت بە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش، بەشیر خەلیل جەختی كردەوە كە، داوا لە حكوومەتی نوێی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەكەن، ئەو مەلەفە بخرێتە بەرنامەی كاریانەوە و بە شێوەیەكی یاسایی و دەستووری چارەی بكەن.
خەلیل نەیشاردەوە، كە بە هۆی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە هاووڵاتیانی كورد لە شارەكە و دەوروبەری كاری ناڕەوایان بەرانبەر كراوە، نموونەی بەوە هێنایەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا داواكارییان بۆ هاتووە، لە لایەن ئەو هاووڵاتییانەی كەركووك، كە خاوەنی زەویوزاری كشتوكاڵین، بە هۆی ئەوەی وەرزی چاندنە، میلیشیا سەربازییەكان رێگرییان لێ دەكەن و ناهێڵن زەوییەكانیان بكێڵن و بیانچێنن، گوتیشی: "ئێمەیش لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و وەزارەتی كشتوكاڵ كاری لەسەر دەكەین".
kdp-
