پەکەکە و حەشد ڕێگرییان لە گەڕانەوەی ئیدارەی شنگال کرد

پەکەکە و حەشد ڕێگرییان لە گەڕانەوەی ئیدارەی شنگال کرد
بەرپرسانی ئێداری قەزای شنگال ڕایانگەیاند، دوای ئەوەی بڕیاریان دا بە شەرعییانە بگەڕێنەوە نێو شنگال کەچی بە هێزی زۆر ڕێگرییان لێ کراوە.

دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر حەشد شەعبی دەستی بەسەر چەندین ناوچەدا گرت و شنگالیش یەکێک بوو لەو ناوچانە و ئێستا لە لایەن ئەو هێزانەوە چەندین پێشێلکاری دەکرێن.

مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هەموو هەوڵێک دەدەین بچینەوە نێو قەزای شنگال، کەچی حەشدی شەعبی و پەکەکە ڕێگڕیمان لێ دەکەن و ڕێگە نادەن ئیدارەی شەرعیی شنگال بچێتەوە نێو قەزاکە."

ئەمڕۆ مەحما خەلیل گوتی کە گەڕاینەتەوە شنگال، بەڵام لە کاتی چوونیان بۆ شنگال ئیدی پەکەکە و حەشدی شەعبی رێگەیان نەدان بچنە نێو سەنتەری شنگالەوە، بڕیار وابوو کە هێزە عێراقییەکان پاسەوانی ئیدارەی شەرعی شنگال بکەن، بەڵام ئەمەیش نەکرا.

مەحما خەلیل دەشڵێ: "لە دەرەوازەی شارەکە وەستاوین و پەکەکە و حەشد بە هێزێکی زۆرەوە لە بەرامبەرمان وەستاون و ڕێگریمان لێ دەکەن."

هاوکات وەیس نایف، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "پەکەکە و حەشدی شەعبی بە هێزێکی زۆرەوە لە دەروازەی شاری شنگال هاتنە بەرانبەرمان و ڕیگرییان لێ کردین و نەیانهێشت بگەڕێینەوە نێو شنگال."

نایف، کە ئێستا لە دەرەوازەی شارەکەیە، گوتی: "ئێستا هێزێکی زۆر لە لایەن حەشد و پەکەکەوە کۆ کراونەتەوە و ڕێگە نادەن ئێدارەی شەرعیی شنگال بگەڕێتەوە نێو شنگال، کەچی ئەوانەی ئێستا لە شنگالن ناشەرعین."

نایف ئەوەیشی خستە ڕوو: "گەڕاوەنەمان بۆ شارەکە بە بڕیاری حکوومەتی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵە، کەچی ئەوان ڕێز لە هیچ بڕیارێک ناگرن و ئێستا بۆشاییی سیاسی و ئەمنی لە شارەکەدا هەیە."
kdp-
Top