لە سلێمانی دەست بەسەر مۆلیدەیەکی دزراودا دەگیرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە 31/10/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "چەند رۆژێک لەمەوبەر مۆلیدەیەکی کارەبایی گەورە (K.V 400) لە ھەولێر دزرا و خاوەنی مۆلیدەکە لە ھەولێر سکاڵای یاسایی تۆمار کرد و زانیاریی دراوە کە مۆلیدەکەی بەرەو سلێمانی ھێنراوە".
ئاماژە بەوەش دراوە: "پاش کۆکردنەوەی زانیاریی ورد لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە، توانرا دوێنێ سێشەممە 30/10/2018، لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی سلێمانییەوە شوێنی مۆلیدەکە ئاشکرا بکرێت و دەستیبەسەردا بگیرێت".
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا پۆلیسی سلێمانی ڕوونیشی کردووەتەوە، ئێستا بە بڕیاری دادوەر مۆلیدەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ ھەولێر و لەلایەن پۆلیسی ھەولێرەوە رێکاری یاسایی بۆ دۆسیەکە کراوەتەوە.
باسنيوز
