سبەی دەست بە دابەشکردنی پارەی بەڵێندەرانی کوردستان دەکرێت

سبەی دەست بە دابەشکردنی پارەی بەڵێندەرانی کوردستان دەکرێت
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان گوتی، سبەی دەست بە دابەشکردنی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بەڵێندەرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و حکوومەتی ھەرێمیش بەڵێنی داوە ئەگەر توانای ھەبێت مانگانە برێک پارە بۆ بەڵێندەران خەرج دەکات.

بەشار عەلی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێنمایی دەرچووە و سبەی دەست بە دابەشکردنی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بەڵێندەران دەکرێت، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەرجی کردووە، کە ٤٣%ی پارەکە بۆ سلێمانی و ٥٧%یشی بۆ پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆکە، چونکە وەزارەتی داراییی حکوومەتی ھەرێم بەو شێوە دایناوە."

بەشار عەلی گوتیشی: "ئەو پارەیە دەدرێتە ئەو بەڵێندەرانەی کە کاتی خۆی چەکی پارەیان لە حکوومەت وەرگرتووە و بە ھۆی قەیرانی داراییەوە پارەیان بۆ سەرف نەکراوە، ئێستا بەشێکی ئەو پارەیە دەدرێتەوە ئەوان."

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڵێنێکی داوە کە مانگانە ئەگەر توانای ھەبێت بەشێکی پارەی بەڵێندەران خەرج دەکات، چونکە وەزیری پلاندانان باسی لەوە دەکرد بۆ ئەوەی سەرجەم پڕۆژەکان تەواو بن و قەرزی بەڵێندەرانیش بدرێتەوە، پێویستمان بە دوو ملیار و٥٠٠ ملیۆن دۆلار ھەیە، چونکە بە ھەزاران پڕۆژە ھەن بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن و ئێستا حکوومەت ھەوڵ دەدات دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە بکرێت."

بەشار عەلی باسی لەوەش کرد: "چەندین پڕۆژە دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە و ھاتنی ئەو پارەیەش وا دەکات زیاتر جموجووڵ دروست بێت و ئەمەش وا دەکات کەرتەکانی دیکەی ئابووریش ببووژێنەوە، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت و ساڵی داھاتوو زۆر لەوەی ئێستا باشتر دەبێت."
kdp-
Top