كونسوڵخانەی ئەمریكا لە ھەولێر ئاگادارییەکی لەبارەی ڤیزای مانەوە بڵاو کردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 30/10/2018، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە بارەی وەرگرتنی ڤیزای هەمەجۆرەوە ئاگادارییەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕای گەیاندووە، "ژمارەیەکی زۆر خەڵك (ئیمێڵ)یان پێدەگات و مژدە یاخود گەرەنتی وەرگرتنی ڤیزای (هەمەجۆر)یان پێدەدرێت کە بە ڤیزای گرین - کارد (مافی مانەوەی هەتاهەتایی لە ئەمریکا) ناسراوە، ئەو ساختەکارانەی لە پشت ناردنی ئەم ئیمێڵ و نامانەوەن خۆیان وەکو کەسانی سەر بە حکوومەتی ئەمریکا دەناسێنن و ئامانجیان ئەوەیە پارە لەو کەسانە بکێشنەوە کە داواکاریان بۆ ڤیزای هەمەجۆر پێشکەشکردووە".
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە کە وەزارەتی دەرەوە بە هیچ شێوەیەك لە ڕێگەی ئیمێڵ، نامە یاخود پەیوەندی تەلەفۆنییەوە ئەو کەسانە ئاگادار ناکاتەوە کە ناویان بۆ ڤیزەکە دەردەچێت.
هەر لە ئاگادارییەکەیدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، دوای ئەوەی ئەنجامەکان بەردەست دەبن، کەسەکە خۆی لە وێبسایتی فەرمی پڕۆگرامەکە ناو و ژمارە تایبەتییەکەی داخڵ دەکات بۆ ئەوەی بزانێت ناوی دەرچووە یاخود نا، لە ئێستاشدا ناونووسین بۆ پڕۆگرامەکە بەردەستە تاکو 6 مانگی داهاتوو.
باسنيوز
