شەلال گەدۆ: ناکۆکییەکی زۆر لەسەر نووسینەوەی دەستووری سووریا هەیە

	 شەلال گەدۆ: ناکۆکییەکی زۆر لەسەر نووسینەوەی دەستووری سووریا هەیە
ئەندامێکی کورد لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا دەڵێت، بڕیار وایە دوای سەری ساڵ دەست بە نووسینی ڕەشنووسی دەستووری سووریا بکرێت، بەڵام ناکۆکییەکی زۆر لەسەری هەیە.



شەلال گەدۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "نووسینی دەستوور لە نێوان وڵاتاندا بووەتە خاڵێکی ناکۆک، بەتایبەت لە نێوان ڕژێم و نەتەوەیەکگرتووەکاندا، هەریەکە و بە پێی پشکی زیاتر دەیەوێ پشکداری لە ڕەشنووسەکەدا بکات.''



سەبارەت بە دواکۆبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆن لەگەل وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سیرگی لافرۆڤ، پێیان ڕایگەیاندبوو ئەمەریکا نیازی دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی هەیە و دروستکردنی مستەوتەناتی کوردی لە ناوچەی عەرەبی، کەچی شەلال گەدۆ، ئەم لێدوانەی لاڤرۆڤ بە هەڵە وەسف دەکات و دەڵێت: "پەیەدە هیچ پرۆژەیەکی بۆ دروستکردنی دەوڵەت نییە و لەگەڵ یەکپارچەییی خاکی سووریادان."



گەدۆ ئەوەیش وەبیر دەهێنیتەوە: "تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی سیاسی لە نێوان ئەمەریکا و بەڕێوبەریی بەناو خۆسەریی ڕۆژئاوا، (پەیەدە)دا نییە. ئەوەی هەیە لە ڕووی سەربازییەوەیە و یەپەگە کاری تەوزیفی (ڕاسپێردراو) دەکات، چونکە ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەیە سووریا لە داعش پاک بکرێتەوە."

گەدۆ دووبارەبوونەوەی لێدوانی ڕووسیا سەبارەت بە نیشتەجێکردنی کورد لە ناوچە عەرەبییەکان بە مەترسی دەزانێت و دەشڵێت: "لە کۆنەوە دیارە هەمیشە عەرەب ناوچەی کوردی تەعریب کردووە."

سەبارەی بە ڕەشنووسی دەستووری سووریایش، گەدۆ ئاماژەی دا: "ناکۆکییەکی زۆر لەبارەی سووریا و دەستوورەکەیەوە هەیە و وڵاتانیش نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک."
kdp -
Top