مه‌سرور بارزانی و باڵیۆزی رووسیا له‌ عێراق کۆبوونه‌وه

 مه‌سرور بارزانی و باڵیۆزی رووسیا له‌ عێراق کۆبوونه‌وه
ئه‌مڕۆ 28/ 10/ 2018، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ‌ (ماكسیم ماكسیمۆڤ) باڵیۆزی رووسیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری، کۆبووه‌وه‌.

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێك، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و، پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی نێوان رووسیا و هه‌رێمی كوردستان، تاوتووكران.

مه‌سرور بارزانی، له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق هه‌نگاوێكی باشبوو له‌ به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و، ئومێده‌وارین سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێ له‌ نزیكترین كاتدا پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ی ته‌واو بكات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌ جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، كرد.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگی و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و رووسیا كرده‌وه‌، له‌وباره‌وه‌ باڵیۆزی رووسیا له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌دا،‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی رووسیا به‌ بایه‌خه‌وه‌‌ ده‌ڕوانێته‌ بارودۆخی كورد و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و ‌رایگه‌یاند: "رووسیا په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر هه‌یه و كار بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ گشت بواره‌كان ده‌كات".











باسنيوز
Top