هونەرمەندان و نووسەران : حەشدی شەعبی لە كوێ وەزارەتی رۆشنبیری لە كوێ

  هونەرمەندان و نووسەران : حەشدی شەعبی لە كوێ وەزارەتی رۆشنبیری لە كوێ
ھونەرمەند و نووسەرانی عێراق دژی پێدانی وەزارەتی رۆشنبیری بە سەرکردەیەکی چەکداریی میلیشیاکان و ئەمە بە سووکایەتی بۆ خۆیان، دەزانن.



سەندیکای ھونەرمەندانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ھیچ شتێک حەسەن توعمە روبەیعی، کاندیدی کوتلەی سادقون لە پەرلەمانی عێراق (سەر بە میلیشیای عەسایب ئەھلی حەقە)، بە وەزارەتی رۆشنبیرییەوە نابەستێتەوە.



سەندیکاکە لە بەیاننامەکەدا، توڕەیی و بێزاریی ھونەرمەندانی بە عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق گەیاندووە و رایگەیاندووە، ”سەرکۆنەی بە ھەڕەمەکی دیاریکردنی وەزیری رۆشنبیری دەکەین“ و ھیوادارە بۆ دیاریکردنی وەزیری رۆشنبیری، پرس و رای سەندیکاکانی ھونەرمەندا، نووسەران و سەندیکا تایبەتمندکانی بواری رۆشنبیری وەربگیرێ.



ھەروەک لە بەیاننامەکەدا ھاتووە، سەندیکای ھونەرمەندا ھۆشداریی دەداتە حکوومەتی عێراق، کە ئەگەر کەسێکی سەر بە میلیشیاکان بکرێتە وەزیری رۆشنبیری، ئەوا ”ھەموو کاتژمێرێک چالاکییەکی ئۆپۆزیسیۆنانە ئەنجام دەدەین“.



ھەروەھا یەکێتیی ئەدیب و نووسەرانی عێراق ھەڕەشەی لە حکوومەتی عێراق کردووە، کە ئەگەر ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی بکرێتە وەزیری رۆشنبیری، ئەوا یەکێتییەکە ”بایکۆتی حموومەت و پەرلەمانی عێراق دەکات“.



یەکێتیی ئەدیب و نووسەرانی عێراق داوا لە عادل عەبدولمەھدی دەکات، کە وەزارەتی رۆشنبیری لە دابەشکاریی حزبی دەربھێنێت و کەسێک بە رەزامەندیی یەکێتییەکە، بکاتە وەزیری رۆشنبیری.



ھەفتەی رابردوو عادل عەبدولمەھدی پێکھاتەی کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان کرد، کە لە ٢٢ وەزارەت پێک دەھات، بەڵام تەنیا ١٤ وەزیر متمانەیان پێدرا و پەرلەمان رەتی کردەوە متمانە بە ھەشت وەزیر بدات، کە یەکێکان بریتی بوو حەسەن توعمە روبەیعی.



باسنیوز
Top