دڵنیایی دەدرێتە كاسبكارانی بازاڕی لەنگەی ھەولێر

دڵنیایی دەدرێتە كاسبكارانی بازاڕی لەنگەی ھەولێر
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دڵنیایی دەداتە كاسبكارانی بازاڕی لەنگەی ھەولێر كە بازاڕەكە ناگوازرێتەوە و حكوومەت ھاوكاریان دەبێت بۆ چاككردنەوەی دوكانەكان.

نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر راگەیاند: "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەت پێی راگەیاندووین ئەوەی پێویستە لەسەر حكوومەت بۆ كاسبكارانی بازاڕی لەنگەی ھەولێر بیكەین".

گوتیشی: "بازاڕی لەنگەی ھەولێر ناگوازرێتەوە و دوای چاككردنەوەی دوكانەكان كاسبكاران دەتوانن لە شوێنی خۆیان ئیش بكەن".

پارێزگاری ھەولێر راشیگەیاند: "بڕیاردرا كە كاسبكارەكان خۆیان دوكانەكانیان چاكبكەنەوە، ئەو خزمەتگوزاریانەی كە پێویستیشە حكوومەت بۆیان دابین دەكات و كۆڵانەكان چاكدەكرێن و ئاگركوژێنەوە دەبرێتە ناو ھەموو دوكانەكان، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە رووداوی لەو شێوەیە روونەداتەوە".

لەبارەی قەرەبووكردنەوەی دوكاندارەكان نەوزاد ھادی، روونیكردەوە: "لە قۆناخی یەكەم مەبەستمانە بازاڕەكە بكەوێتەوە كار، بۆ قەرەبووكردنەوە لێكۆڵینەوە دەكرێت و دواتر بڕیاری لێدەدرێت".

پارێزگاری ھەولێر جەختیكردەوە: "ئەو شوێنە بازاڕی لەنگەیە و ناگوازرێتەوە ھیچ شوێنێكی دیكە".

سەبارەت بە زیان لێكەوتووانی لافاوی دوێنێ لە چەند ناوچەیەكی سنووری پارێزگای ھەولێر نەوزاد ھادی، گوتی: "زۆربەی زیانەكان لە سنووری قەزای چۆمان بووە و سەردانی ناوچەكەمان كردو لە نزیكەوە چاومان بە زەرەر و زیانەكان كەوت، لیژنەی تایبەت بۆ ئەو بابەتە دیاركراوە و لێكۆڵینەوە دەكرێت بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدەین".
k24-
Top